تەقینەوەیەک لە باشووری عێراق 60 قوربانیی لێکەوتەوە

بە کامیۆنێک ئەنجامدرا و شاری حلەی لە باشووری عێراق کردە ئامانج

K24- هەولێر

تەقینەوەیەک، ئەمڕۆ یەکشەممە، کە بە کامیۆنێکی بۆمبرێژکراو ئەنجامدرا و خاڵێکی پشکنینی لە شاری حلە ناوەندی پارێزگای بابل لە باشووری عێراقی کردە ئامانج، بووە هۆی کوژران و برینداربونی 60 کەس.

فەلاح ئەلرازی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی لە حلە رایگەیاند: "زیاتر لە 60 کەس لە شوێنی تەقینەوەکەوە گواستراونەوە بۆ نەخۆشخانە نزیکەکان لە ناوچەکە"، بەبێ ئەوەی ژمارەی قوربانییەکان دیار بکات.

فەلاح ئەلرازی گوتیشی: "ئەمە گەورەترین تەقینەوەیە تا ئێستا شاری حلەی کردبێتە ئامانج و کامیۆنەکە 500 کیلۆگرام تەقەمەنی تێدا بوو".

هاوکات ئاژانسی رۆژنامەگەریی فەرەنسا (AFP) رایگەیاند: "ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی حلە گەیشتە 47 کوژراو".

هاوکات رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی شاری حلە راگەیاند.

سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف