سەدر هەڕەشە لە باڵوێزخانەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دەکات لە عێراق

"یان بێدەنگیی بنوێنن یاخود بکشێنەوە"

K24-هەولێر

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدری شیعە لە عێراق رایگەیاند بەدەر لە "داگیرکەران" (ئەمریکا و بەریتانیا) کە پێویستە یان بێدەنگیی بنوێنن یاخود بکشێنەوە، دڵنیایی دەدەینە نێردراوە بیانییەکانی دیکە لە عێراق و پێویستە خۆپێشاندەران چاوەڕوانی بڕیارمان بن.

موقتەدا سەدر لە راگەیەندراوێکدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە، بڵاوی کردەوە دەڵێ: "بیستوومە کە نێردراوە دیبلۆماتییەکانی عەرەب و وڵاتانی بیانیی و باڵوێزخانەکان هەندێک ترسیان لێنیشتووە لە چوونی جەماوەر بۆ نێو ناوچەی سەوز (لە بەغدا)، چونکە ئەوان لەو ناوچەیەن".

موقتەدا سەدر دەشڵێ: "لێرەوە پێویستە لەسەرم پیامی داڵنیایی و ئاشتییان بۆ بنێرم بەدەر لە داگیرکەران، ئێمە میلەتێکین هیچکات دەستدرێژیی ناکەینە سەر میوانەکانمان، ئەگەریش گەل ویستی بچێتە نێو ناوچەی سەوز هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەریان ناکرێ، بگرە هەر دەسدرێژییەک بۆ سەریان دەستدرێژییە بۆ سەر ئێمە و بە تەواویی رەتیدەکەینەوە".

رابەری رەوتی سەدری شیعە لە عێراق ئاماژەش دەکات: "بەڵام باڵوێزخانەکانی هەردوو داگیرکەر ئەمریکا و بەریتانیا لە دوا وتارم پەیامێکم بۆ ناردوون کە دەبێ یان بێدەنگ بن یاخود لەو ناوچەیە (ناوچەی سەوز) بکشێنەوە، بەڵام ئەگەر بەر جۆرێک بێ سەربازیی یان هەواڵگریی یاخود بە رێگەی راگەیاندنەوە دەستان وەردا ئەوکات ئێوە دەبنە بەشێک لە گەندەڵکاران و بژاردەکان لە دەستی ئێوەن نەک ئێمە".

ئەمە لە کاتێکدایە هەینیی رابردوو لەسەر داوای رابەری رەوتی سەدر لایەنگرانی ئەو رەوتە لە پێش دەروازەکانی ناوچەی سەوز لە بەغدا کە زۆربەی زۆری وەزارەت و باڵوێزخانەکانی وڵاتان لە بەغدا لەخۆدەگرێت خۆپێشاندانیان کرد و داوای ئەنجامدانی چاکسازییان کرد لە حکوومەت یاخود هەڵبوەشێنرێتەوە ئەگەر نا لە داهاتوودا دەچنە نێو ناوچەی سەوزەوە.

ئا: ئا ، ف