ئەو كونسوڵەی لە لایەن داعش دەستگیرا باسی ئازادكردنی مووسڵ دەكات

ئوزتورك یه‌ڵماز" بۆ رزگاركردنی مووسڵ دەبێ پلانی ھاوبەش ھەبێت"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/21aa1cbb-105c-41f7-8ae6-67109acded44/ozturk%20yilmaz2.ism/manifest https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/c11b9773-abf1-4042-84a0-fefce7103649/ozturk%20yilmaz.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

كونسوڵی پێشووی توركیا لە مووسڵ، كە لە سەرەتای كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ لە لایەن داعش دەستگیركرا رایگەیاند، داعش لە ناوچە بەگشی لاواز بووە، بۆ رزگاركردنی مووسڵ لە ژێر دەستی داعش دەبێ پلانی ھاوبەش ھەبێت.

لە میانی بەشداریكردنی لە رووماڵی ھەواڵەكانی (كوردستان24) ئوزتورك یه‌ڵماز، په‌رله‌مانتاری (جه‌هه‌پە) و كونسوڵی پێشووی توركیا لە مووسڵ رایگەیاند: "شەڕ دژی داعش بەردەوام دەبێت، لە سەرەتا كە داعش مووسڵی داگیركرد و ھێرشی كردە سەر دەوروبەری بەغدا جیا بوو، ئێستا داعش زۆر جوگرافیای لە دەستداوە، بە تایبەتی لە نێو رێرەوی ھاوپەیمانی ئەمریكا و ھێزەكانی عێراق بە تایبەتی پێشمەرگە ھێرشی زۆر كردە سەر داعش، ئێستا لە سووریاش رەوش جیاوازە یەپەگە زۆر ھێرشی كردوەنەتە سەر، داعش  زۆر شوێنی لە دەستداوە".

گوتیشی: "داعش لە عێراق و سووریا داھاتووی نابێت، ھێزەكانی عێراق و سووریا ئەگەر بە شێوەیەكی جیدی كار بكەن داعش لەو ناوچەیە نامێنێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا و ناوچەكە لەگەڵ لە ناوبردنی داعشدان، رەخنەش لەوە دەگیرێت بۆ لە ناوبردنی داعش پێویستە پلانی ستراتیژی ھەبێت، گرنگ ئەوەیە ئەو رێكخراوە تیرۆرستیە لە ناوچەكە نەمێنێت، بەڵام لە ناوبردنی داعش بە تەنھا بە ھێرشی ئاسمانی ناكرێت".

سەبارەت بە رزگاركردنی مووسڵ گوتی: "باسی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی مەزن دەكرێت، بەڵام وەك دەبینین ئەنجام نادرێت، لە رەقەش بە ھەمان شێوە، بۆیە پێویستە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەموو دونیا لە پلان و پڕۆژەیەكی ھاوبەشدا ئێستا و دوای داعشیش كارێكی شەفاف بكەن".

ئوزتورك یه‌لماز، لە كاتی كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ لە لایەن داعش كونسوڵی توركیا بوو لە موسڵ و لە لایەن داعش دەستگیركرا، لە بارەی ئەو ساتەوە وەختە دەڵێ: "من لەسەر ئەو رەوشە سەد رۆژ ژێر دەستە بووم، ئەوەی بینیم شتی ناخۆش بوون تراژیدی بوون، بۆ من و بنەماڵەكەم و مرۆڤایەتی".

دەگوترێت ئەو بە رێككەوتنی نێوان توركیا لەگەڵ داعش ئازاد كراوە لەو  بارەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "ئەو كات ئازاد كرام قسەم لە بارەی ئەوە گوتووە، بۆیە نامەوێت لێرە دووبارە بكەمەوە".

باسی لەوەشكرد: "گەر پلان ھەبێت ئازادكردنی مووسڵ ئاسانە، رەنگە شەڕێكی گەورە لە ناو مووسڵ رووبدات، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە ئۆپەراسیۆنەكەدا زیانێكی زۆر بدرێت، دەبێ یەك پلان و یەك ئامانج ھەبێت بۆ رزگاركردنی مووسڵ".

داڕشتنەوە: ھ . م