گرتنەوەی مووسڵ چی پێویستە؟

فەرماندەیەکی سەربازیی باڵای هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی وەڵام دەداتەوە

K24-هەولێر

کۆلۆنێڵ کریستۆفەر گارفەر، گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند ئەو هێزەی بڕیارە هێرشبکاتە سەر مووسڵ هێشتا ئامادە نییە، هاوکات پێداویستییەکانی ئەو هێرشەی ئاشکرا کرد.

هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی پێشبینیی دەکات ژمارەی چەکدارانی داعش لە مووسڵ لە نێوان چەند هەزارێک بۆ 10 هەزار چەکدار بێ، هاوکات چاودێران پێیانوایە گرتنەوەی مووسڵ زۆر گرنگە بۆ شکاندنی پشتی داعش لە عێراق.

هاوکات هەرچەندە حکوومەتی عێراق دەڵێ: لە ساڵی 2016 مووسڵ "رزگار دەکرێ"، بەڵام سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا، جنراڵ فنسنت ستیوارت پێیوایە گرتنەوەی مووسڵ تاوەکوو ساڵی 2017 روو نەدات.

پێداویستییەکانی دەرکردنی شاری مووسڵ (400 کم باکووری بەغدا) لە بندەستی چەکدارانی داعش، وەک گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەڵێ: هێزی پێویست بۆ گرتنەوەی مووسڵ دەبێ لە نێوان 24000 بۆ 36000 سەرباز بێ، بەڵام تا ئێستا تەنیا 2000 سەرباز ی عێراق بۆ ئەم مەبەستە لە ناوچەی مەخموور جێگیرکراون.

سەرچاوە: AP، ئا: ئا ، ف