فوئاد مەعسووم: عێراق دژی ھاوپەیمانێتی رووسیا و ئێران و سووریا نییە

"گەورەترین ھەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی جیھان داعشە، بۆیە بەھیچ شێوەیەک ئێمە دژی ھاوپەیمانێتییەکەی رووسیا و ئێران و سووریا نین"

K24 - ھەولێر:

فودا مەعسووم، سەرۆك كۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق دژی ھاوپەیمانێتی رووسیا و ئێران و سووریا نییە لەدژی رێکخراوی داعش، بەڵام ئەوەش بەومانایە نییە کە وڵاتەکەی پشتگیریی مانەوەی حکومەتی ئەسەد دەکات.

لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی سپۆتنیکی رووسی، فوئاد مەعسووم دەڵێت:  گەورەترین ھەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی جیھان داعشە، بۆیە بەھیچ شێوەیەک ئێمە دژی ھاوپەیمانێتییەکەی رووسیا، ئێران و سووریا نین لە دژی داعش، بەڵام دەبێ ئەوەش بگوترێت کە ئەو پشتگیرییەمان بۆ ئەو ھاوپەیمانێتییە بەو مانایە نییە کە ئێمە پشتگیریی مانەوەی حکوومەتی ئەسەد لە سووریا دەکەین.

ھەروەھا سەرۆک کۆماری عێراق دەشڵێت: سەرەڕای ئەوەی بەغدا پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ مۆسکۆ ھەیە، بەڵام نەبووەتە ئەندام لەو ھاوپەیمانێتییە، بەڵکو تەنیا ھەماھەنگیان لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە ھەیە لەرێگای ئەو سەنتەرە ھەماھەنگیەی کە لە بەغدایە.

لە كۆتای مانگی ئەیلوولی 2015 ھاوپەیەمانێتی لە نێوان رووسیا و سووریا و ئێران پێكھێنرا دژ بە داعش، ھەروەھا سەنتەرێكی ئاڵوگۆڕی زانیاری لە سەر داعش دروستكرد كە بارەگاكەی لە بەغدای پایتەختی عێراقە سوپا سالاری ھەر چوار وڵات تیایدا بەشدارن.

دارشتنەوە: ش، م