سعودییە ھیواخوازە لایەنەكانی یەمەن بگەنە رێككەوتن
K24- ھەولێر:
بڕیارە ئەم مانگە دانووستانی لایەنە ناکۆکەکانی یەمەن، لە کوێت بەڕێوە بچێت و سعوودیە هیوا خوازە لایەنە یەمەنییهكان بتوانن بگەن رێكکەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ.
لەمبارەوە عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعودییە دەڵێت: "ئێمە پشتگیری لایەنەكانی یەمەن دەكەین، لە رەزامەندیان لە سەر دەستپێكردنەوەی دانووستانەكان، ھیوادارین بگەن بە رێككەوتنێك لە پێناو ھێمن و گەڕانەوەی ئارامی بۆ یەمەن".
ساڵی 2011 هاوكات لەگەڵ وڵاتانی تونس و میسر و لیبیا و سوریا شۆڕش لە یەمەن دەستی پێكرد و بۆ دوورخستنەوەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح سەرۆكی ئەو كاتی یەمەن لە دەسەڵات و عەبد رەبە هادی جێگری ئەو كاتی سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی گرتە دەست.
دوای ساڵێك لە ھاتنە دەسەڵاتی عەبد رەبە شەڕی نێوخۆ لە نێوان حوسییەكان و حكوومەتی یەمەن دروستبوو تا ئێستا بەردەوامی ھەیە، حكوومەتی یەمەن و وڵاتانی عەرەبی ئێران تۆمەتبار دەكەن بە ھەڵگیرسانی جەنگی یەمەن.