ئەمریکا 250 راوێژکاری دیکەی سەربازی رەوانەی سووریا دەكات

"بەرپرسانی سەربازی ئەم پێشنیازە بۆ ئۆباما كراوە"

K24 - ھەولێر:

بە گوێرەی زانیارییەكانی كەناڵێكی ئەمریكی، واشنتن بە نیازە 250 راوێژكاری دیكەی سەربازی رەوانەی سووریا بكات.

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بڵاویكردەوە: "ئەمریکا پلانی داناوە بۆ ناردنی 250 راوێژکاری دیكەی سەربازی بۆ سووریا، بە مەبەستی ھاوکاریکردنی ئەو ھێزانەی ھاوپەیمانی ئەمریکان كە لە نێو خاكی سووریا لە دژی داعش ده‌جه‌نگن، ئەمەش بۆ بەردەوامی پێشڕەوییەکانی ئەو ھێزانە لە دژی ئەو گرووپە و نزیکبوونەوە لە شاری رەققە".

 سی ئێن ئێن، لە راپۆرتەكەیدا ئاشكرای كردووە: "چەند رۆژێك لە مەوبەر، بەرپرسانی باڵای سوپای ئەمریکا لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆکی وڵاته‌كه‌یان لە کۆشکی سپی کۆبوونەتەوە، سەبارەت بە ئەگەری زیاکردنی ژمارەی سەربازانی ئەمریکی لە عێراق و سووریا، بەڵام تا ئێستا ئۆباما بڕیاری لەسەر ئەو پێشنیازە نەداوە".