ماھیر حەمەدەمین: گۆرانی كوردی لە قۆناغە ھەرە خراپەكان دایە

"ئەوانەی خۆیان كردوە بە ریش سپی بیری لێ بكەنەوە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/e8078b95-2e82-42bf-8e3c-3ddce811ce8d/mahir%20xezelnus.ism/manifest

K24 - سلێمانی:

ھونەرمەند ماھیر حەمەدەمین، نیگەرانە لە قۆناغی ئێستای گۆرانی و میوزیكی كوردی و دەڵێ، گۆرانی كوردی لە قۆناغە ھەرە خراپەكان دایە، پێویستە ئەوانەی خۆیان كردوە بە ریش سپی بیری لێ بكەنەوە.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) ھونەرمەند ماھیر حەمەدەمین، لە بارەی قۆناغی ئێستای ھونەر و میوزیكی كوردی گوتی: "گۆرانی كوردی لە قۆناغە ھەرە خراپەكاندایە، پێویستە كاری جیدی لەسەر بكرێت ، چونكە ناكرێت گۆرانی كوردی چیتر بەو قۆناغەدا بڕوات".

گوتیشی: "دەبێ بیری لێ بكرێتەوە، ئەوە كاری دەستەڵات و وەزارەتی رۆشنبیری و سەندیكا و رێكخراوەكانە، كە خۆیان كردووە بە ریش سپی مەسەلەكە، پێویستە خەمی لێ بخۆن و كاری جیدی لەسەر بكەن".

ئەو گوتانەی ماھیر، بۆ (كوردستان24) لە میانی كۆڕێكدابوو كە لایەن ناوەندی غەزەڵنووس لە سلێمانی رێكیان خستبوو، تێیدا ماھیر باسی لە گرفتەكانی ھونەری كوردی بە گشتی و گۆرانی و میوزیك كرد.

ماھیر حەمەدەمین، یەكێكە لە ھونەرمەندە دیارەكانی كورد، ساڵانێكە لە بواری ھونەری گۆرانی و میوزیك كار دەكات، زیاتر لە ھەموو بەرھەمەكانی دیكە بە گۆرانی سێوەخانێ ناسراوە.