مۆزەخانەی چارلی چاپلن لە سویسرا كرایەوە

مۆزەخانەكە لە پاركێكی گوندی كۆرسێر سور ڤێڤی دروستكراوە كە چاپلن 25 ساڵی لەم گوندەدا لەگەڵ خێزانەكەی ئۆنا و ھەشت منداڵەكەی بەسەر بردووە.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/cba13311-9208-4b53-bd46-30307385ea32/Charlie%20chaplin.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

لە گوندی كۆرسێر سور ڤێڤی لە سویسرا، مۆزەخانەیەكی تایبەت بە بەبەرھەم و چیرۆكی ژیانی ھونەرمەندەكە كرایەوە.  مایكل چاپلن كوری چارلی چاپلن دوای 15 ساڵ لە ھەوڵدان، توانی خەونەكانی بھێنێتە دی و لەڕێگەی كارەكتەری وەستاو گوزارشت لە چیرۆك و ژیانی باوكی و ھەوادارانی بكات.

مایكل چاپلن كوری چارلی چاپلن ئەكتەری بەریتانی دەڵێت: " ئەو مۆزەخانەیە لە جوڵەدایە، پێتوانەبێت وەستاوە، چونكە چیرۆكێكت بۆ دەگەڕێتەوە، كارەكتەرەكان پەیامێكت پێدەدەن، وەك ئەوە وایە بجوڵێت،زۆر جوانە بیرۆكەكەی ھی من بوو".

 مایكل چاپلن دەشڵێت: " باوكم زۆر بەناوبانگ بوو، ھەموو كاتێك خەڵكێكی زۆر دەھاتنە لامان قسەیان لەسەر باوكم دەكرد، بۆیە بەبەردەوامی دەورمان  قەرەباڵغ بوو، لەھەمان كاتدا كاتێكی خۆشمان لەگەڵ باوكم بەسەر دەبرد رۆژانێكی زۆر خۆش بوون".

مۆزەخانەكە لە ستۆدیۆیەكی گەورە و چەند ژوورێك پێكدێت، لەو ژوورانەدا لە رێگەی پەیكەری مۆمی چیرۆكەكانی چاپلن گوزارشتیان لێدەكرێت، ھەروەھا پەیكەری ئۆنا خێزانە خۆشەویستەكەی چاپلن و ھەوادار و ھاوەڵی ھونەرمەندەكە وەك ئەلبێرت ئەنشتاین و مایكل جاكسۆن لە مۆزەخانەكەدا دەبینیت.

لەساڵی 1950 چاپلن گومانی ھاوسۆزی بۆ بیرۆكەی كومنستی لێدەكرێت، بۆیە لە ئەمریكا دەردەكرێت و بۆ سویسرا دەچێت، لەوكاتەوە لە سویسرا ژیان بەسەر دەبات تا ساڵی 1977 لە كۆر سور ڤێڤی گیان لە دەستدەدات بۆیە كۆكراوەی بەرھەمەكانی چاپلن لە سویسرادایە و خێزانەكەی تا تێستا لەوێ دەژین .