چەند سەرچاوەیەک: خۆپێشاندەران لە بەغدا چوار وەزارەت گەمارۆ دەدەن

لایەنگرانی رەوتی سەدر ئەمڕۆ لە بەغدا دەستیان بە مانگرتنەوە کردەوە

K24-هەولێر

خۆپێشاندەران لە بەغدا ئەمڕۆ یەکشەممە چوار وەزارەتیان گەمارۆدا و داوا لە وەزیرانی ئەو وەزارەتانە دەکەن دەست لە کار بکێشنەوە.

بەپێی ناوەندە میدیاییەکانی عێراق دەیان خۆپێشاندەر ئەمڕۆ لە بەغدا باڵەخانەی وەزارەتەکانی دەرەوە و دادیان لە ناوچەی ساڵحییە لە بەغدا گەمارۆدا، هاوکات دەیان خۆپێشاندەریش باڵەخای وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و رۆشنبیرییان لە ناوچەی عەللاوی لە بەغدا گەمارۆدا و داوا لە وەزیرانی ئەو وەزارەتانە دەکەن دەست لە کار بکێشنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە پەرلەمانی عێراق بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە و هەر بەرەیەک و خۆی بە یاسایی و بەرەی بەرامبەرەکەی بە نایاسایی ناودەبات.

هاوکات ئەمڕۆ لایەنگرانی رەوتی سەدر دەستیان بە مانگرتنەوە کردەوە لە گۆڕەپانی تەحریر لە پایتەختی عێراق بۆ پاڵپشتیکردن لە ئەنجامدانی چاکسازیی لە نێو حکوومەت و دامودەزگا فەرمییەکانی عێراق.

ئەم پێشهاتانە دوای رۆژێک سەریانهەڵدا لە دیارکردنی موڵەتی 40 رۆژ لە لایەن رابەری رەوتی سەدرەوە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی "راستەقینە" لە نێو حکوومەتی عێراقدا و سەدر هەروەها داوای لە وەزیرانی حکوومەتی عێراق کرد دەست لە کار بکێشنەوە.

ئا: ئا ، ف