لە مێردین 3 سەربازی توركیا كوژران و 14 شیان برینداربوون

"بە رۆكێت ھێرشیان كردوونەتە سەر"

K24 - ھەولێر

سوپاسالاری توركیا رایگەیاند، لە ناوچەی نسێبینی شاری مێردینی باكووری كوردستان 3 سەرباز كوژران و 14 ی دیكەش بریندار بوون.

لە راگەیاندراوێكدا سوپاسالاری توركیا رایگەیاند: "لە ناوچەی نسێبینی شاری مێردین لەو كاتەی سەربازانی سوپا خەریكی پووچەڵكردنەوەی بۆمبێكی چێندراو بوونە، ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە رۆكێت ھێرشیان كردوونەتە سەر لە ئەنجامدا 3 سەرباز كوژراون و 14ی دیكەش بریندار بوونە".

ئەمە لە كاتێكدایە ماوەی 49 رۆژە لە ناوچەی نسێبینی شاری مێردین قەدەغەی ھاتووچۆ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوپای توركیا بۆ دەستگیركردنی ئەندام و لایەنگرانی (پەكەكە) لەم ناوچەیە بەردەوامە.

زیاتر لە ساڵێكە بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)  ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی لە باكووری كوردستان ناچاربوونە ماڵ و حاڵیان جێ بھێڵن  و ئاوارەی ناوچە ئارامەكان بوونە، بەشێك لە ھاووڵاتیانی سڤیل لە باكووری كوردستان بەھۆی شەڕەوە گیانیان لە دەستداوە و برینداربوونە.