ژیان و مەجلیسی گوندنشینان لە نێوان ئێستا و رابردوودا

K24 - ههولێر:
لە شەوە ساردەکانی زستاندا، دانیشتووی گوندەکان وەک نەریتێکی کۆن، لە دەوری یەکتر کۆبوونەتەوە، کاتەکانیان بە گێڕانەوەی دیرۆک و خواردنی شەوچەرەوە بەسەربردووە، تاکو ئێستاش لە ههندێك گوندەکان دەستبەرداری ئەو نەریتە نەبوون، خێزانەکان لە شەوانی زستان و ھاتنی سەرماو سۆڵە، لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە.
رۆژە کورتەکانی زستان و کەمبوونەوەی جوڵه و کۆتاییھاتنی کاری جوتیاران و گوندنشینان، وایکردوە شەوانە کاتێکی زیاتریان ھەبێت، تاکو خێزانەکان لە دەوری یەکتر کۆببنەوە، بەگێڕانەوەی چیرۆک و بیرەوەرییەکانیان تا درەنگانی شەو بە خەبەر بمێننەوە.
عەبدوڵا رەسوڵ، گوندنشین، گوتی: "جاران زیاتر له (50) گهنج كۆدهبووینهوه و گۆرهویبازی و قسه و سوعبهت و یاری كوردهواریمان دهكرد، دوای ئهوه شهوچهرهیان دههێنا، كه مێووژ و گوێز و خورما و ئهو شتانهی ههبوون، دهمانخوارد، كاتێكی زۆر خۆشمان بهسهردهبرد".
ئەوەی رەونەقی بە دانیشتنەکانی گوندنشینان داوە، بوونی شەوچەرەی ھەمەڕەنگ و بەرھەمە خۆماڵییەکانە، بۆ بەسەربردنی کاتەکانیشیان، ژنان لەناو کۆبوونەوەکان خەریکی چنین و کاری دەستی و پیاوان یاری کڵاو کڵاوێنە و چەندین یاری کوردەواریان کردووە.
شەوچەرە کۆکراوەی ئەو بەرھەمە خۆماڵییانەیە، کە جوتیاران بە درێژایی ساڵ کۆیانکردووهتەوە، شەوانی زستان بە شێوازی جیاواز، لە دانیشتن و شەونشینیەکانیاندا دهیانخوارد.
د.ی