ئازادكردنی ورچەكانی چیای گارە ناڕەزایەتی لێدەكەوێتەوە

گوندنشینان لە ئازادكردنی شەش ورچ لەسەر چیای گارە ترسیان ھەیە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئازادكردنی شەش ورچ لەسەر چیای گارە، بووەتە جێگەی ناڕەزایەتی گوندنشینانی ناوچەكە و بە مەترسی بۆ سەر ژیانیان ناوی دەبەن و نیگەرانن لەوەی بەبێ ئاگاداری ئەوان كارەكە كراوە.

لای خۆیانەوە بەرێوەبەرایەتی گەشتوگوزار و فەرمانگەی ژینگەی دھۆك بێئاگایی خۆیان لە ئازادكردنی ئەو ورچانە نیشاندەدەن و دەڵێن، مەترسی بۆ سەر ژیانی گوندنشینان و گەشتیاران دروست دەبێت.

محەمەد سپینداری، گوندنشینێكی ئەو ناوچەیە بە كوردستان24ی گوت: "كێ بەرپرسە لەوەی كە ئێمە دەچینە چیاكان ئەو ورچانە پەلامارمان بدەن؟، ساڵانە خەڵك بۆ گژوگیا دەچنە ئەو شاخانە".

ھاووڵاتییەكی دیكە دانیشتووی ئەو سنوورە بەناوی حەمید سپینداری دەڵێ: "ئەو ورچانە برسین و رەنگە پەلاماری مرۆڤ بدەن، لەوكاتەشدا ھەر كەسێك چەكی پێبێت دەیانكوژێت. كاتێك ئەو ورچانەشیان ھێناونەتە ئێرە ھیچ ۆرسیان بە ئێمە نەكردووە".

رێوار موحەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی گەشتوگوزاری دھۆك بە كوردستان24ی راگەیاند: "بە ھیچ شێوەیەك ئێمە لە ھێنانی ئەو ورچانە ئاگادار نەكراوینەتەوە، ئەگەر پێشتر راوێژ بە ئێمە كرابوایە شوێنی دیكە ھەبوو بۆمان دەستنیشان دەكردن، بۆ ئەوەی ورچەكان ببەنە ئەوێ، چونكە چیای گارە شوێنێكی گەشتیارییە و خەڵك بە تایبەتی لە رۆژانی ھەینی زۆر رووی تێدەكەن".

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 11/2/2021، شەش ورچ لە چیای گارە ئازاد كران، كە مەبەست لێی زیادكردنی ئەو جۆرە ئاژەڵانەیە كە لە چیا و دارستانەكانی ھەرێمی كوردستان نەماون یان بەرەو لەناوچوون دەچن.

ھ.م