کاردانەوەکانی کوژرانی 13 بارمتە تورکەکە.. ئەردۆغان سکاڵای یاسایی تۆمارکرد

داوای نیو ملیۆن لیرەی تورکی دەکات
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی لە کۆبوونەوەیەکی حیزبەکەی لە 10ـی شوباتی ئەمساڵ، وێنە AFP
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی لە کۆبوونەوەیەکی حیزبەکەی لە 10ـی شوباتی ئەمساڵ، وێنە AFP

K24 - هەولێر

سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ سکاڵای یاسایی لەدژی کەمال کڵچدارئۆغڵو تۆمارکرد، چونکە تۆمەتباری کردووە بە بەرپرسیاریێتی لە کوژرانی ئەو 13 بارمتە تورکەی دەستی پەکەکە، کە لە سەر چیای گارە کوژران.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، لەڕووی مەعنەوییەوە سووکایەتی پێکراوە و داوای قەرەبووی بە بڕی نیو ملیۆن لیرەی تورکی دەکات لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە).

تورکیا رۆژی یەکشەممەی رابردوو رایگەیاند 13 بارمتەی لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری هەرێمی کوردستان کوژراون، ژمارەیەک سەربازی تورکی تەرمەکانیان لەنێو ئەشکەوتێک دۆزینەوە.

ئەو هەواڵە، بووە هۆی هەژانی شەقامی تورکیا، ژمارەیەکی زۆر حیزبی ئۆپۆزیسیۆن ئەردۆغانیان تۆمەتبار کرد بە خستنەمەترسیی ژیانی ئەو دیلانە، بە هەوڵدان بۆ رزگاکردنیان لەڕێگەی بەکارهێنانی هێز، لەبری گفتوگۆ.

کڵچدارئۆغڵو رۆژی سێشەممە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی "تۆ دەستت بە ئۆپەراسیۆنێک کرد بۆ رزگارکردنی بارمتەکان، بەڵام بارمتەکان مردن... لە رەوشێکی ئاساییدا، دەبێت کەسێک بەرپرسیارییەتی ئەوە لەئەستۆ بگرێت و دەست لەکاربکێشێتەوە، بەرپرسیش لە کوژرانی ئەو 13 شەهیدە، رەجەب تەییب ئەردۆغانە".

ئەو لێدوانەی کڵچدارئۆغڵوو، بەدڵی ئەردۆغان نەبوو، کە رۆژی چوارشەممە گوتی "کڵچدارئۆغڵو بێحورمەتە".

پارتی کرێکارانی کوردستان، رایگەیاندووە ئەو 13 بارمتەیە بەهۆی هێرشی تورکیا کوژراون، بەڵام تورکیا ئەو راگەیەندراوەی پەکەکە رەتدەکاتەوە.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە دووەم هێزی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە، رەخنەی لە ئەردۆغان گرتووە بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ سەر چیای گارە، کە بە کوژرانی 13 بارمتەکە کۆتایی هات، دووپاتیشی کردەوە: نەدەبوو، پرۆسەی چارەسەری کۆتایی پێبێت.