"زمان ناسنامه‌یه".. چالاكییه‌ك بۆ رۆژی زمانی دایك له زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین به‌ڕێوه‌ده‌چێت
K24 - هه‌ولێر:
له كۆلیژی په‌روه‌رده‌ی بنیات، له زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین- هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (21ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021)، چه‌ندین چالاكی به بۆنه‌ی رۆژی زمانی دایك به‌ڕێوه‌چوون، به‌شێكی زۆری قوتابیان به جلوبه‌رگی كوردییه‌وه ئاماده‌ی چالاكییه‌كه بوون، به‌شدارییان له شانۆگه‌ری و گۆرانی و سیمینار كرد.
د. فه‌رهه‌نگ مزه‌فه‌ر، رێكخه‌ری چالاكییه‌كه، بۆ كوردستان24 گوتی: "چەندین مه‌ترسی له‌سه‌ر زمانی كوردی هەن، یه‌كێك له‌و مه‌ترسییانه، نه‌بوونی زمانی ستاندارده، تا ئیستا خاوه‌نی زمانێكی یه‌كگرتوو نیین و خاڵبه‌ندییه‌كی یه‌كگرتوومان نییه، ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك گرفتن، به‌ڵام له هه‌مووی ناخۆشتر، بێ متمانه‌ییه له نێوان خێزانی كورد و زمانی كوردی".
گوتیشی: "هه‌ر ئه‌و بێ متمانه‌ییه وایكردووه، دیارده‌ی منداڵ ناردنه قوتابخانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان درووست ببێت، كه به زمانی بیانین و كه‌متر گرنگی به قوتابخانه كوردییه‌كان بده‌ن، ئه‌مه مه‌ترسییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌شبینین، چونكه زمانی كوردی یه‌كێكه له زمانه زیندووه‌كانی جیهان".
رێكخه‌ری چالاكییه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "له ئاستی ناوخۆیی و جیهانیدا، زمانی كوردی ناسراوه، زمانی (40) ملیۆن كورده، كه هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوونی زۆر به ئه‌سته ده‌بینم، بۆیه پێویسته وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا رۆڵیان له به‌ره‌وپێشبردنی زمانی دایك هه‌بێت، هه‌ر چه‌نده راگه‌یاندن، رۆڵێكی سه‌ره‌كی له‌و بواره‌دا ده‌بینێت".
د.ی