عامری هۆشداری دەدات لە چوون بەرەو شەڕی شیعە لەگەڵ شیعە

"ئەم شەڕە بۆ ئێمە حەرامە"

K24-هەولێر

سەرپەرشتیاری گشتی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق هادی عامری هۆشداری دا لە چوون بەرەو شەڕی شیعە لەگەڵ شیعە لە عێراق.

هادی عامری کە هاوکات سکرتێری گشتی رێکخراوی بەدری شیعەیە لە عێراق ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی ئەندامان و لایەنگرانی رێکخراوەکەی کرد، هۆشداری دا لە چوون بەرەو شەڕی شیعە لەگەڵ شیعە لە عێراق و گوتی: "کەسانێک هەوڵ دەدەن بەرەو بەرەو شەڕی لاوەکی شیعە و شیعەمان ببەن کە بۆ ئێمە حەرامە".

سەرپەرشتیاری گشتی هێزەکانی حەشدی شەعبی هاوکات داوای کرد لایەنەکان وریابن و "بەرەو تێوەگڵان لە رووبەڕووبونەوە لەگەڵ بەرامبەردا نەچن".

هادی عامری ئاماژەشی کرد: "شەڕی راستەقینە لەگەڵ تیرۆردایە و خۆتان بۆ گرتنەوەی فەللوجە (نزیکەی 50 کم رۆژئاوای بەغدا) ئامادە بکەن و بە پرسی دیکەوە سەرقاڵ مەبن".

شارۆچکەی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق لە سەرەتای ساڵی 2014وە لە بندەستی چەکدارانی داعشدایە.

ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی دوێنێ هەینی چوونی خۆپێشاندەران بۆ نێو ناوچەی سەوزی بەغدا و هەڵکوتانیانی بۆ سەر بارەگای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەرکۆنە کرد و گوتی: "ئەوە هەنگاوێکە بۆ پەلکێشکردنی وڵات بەرەو بێسەروبەری". گوتیشی: ئەمە پرسێکە ناکرێ لە ئاستیدا بێدەنگ بین و داوای لە فراکسیۆنە سیاسییەکان کرد یەکریزبن بۆ رووبەڕووبونەوەی "پیلانی بەعسییەکان کە لە دزەیان کردووە و هاوپەیمانی داعشن".

بەهۆی هەڵکوتانی خۆپێشاندەران لە بەغدا کە دەگوترێ زۆربەیان لایەنگری رەوتی سەدری شیعەن بۆ سەر ناوچەی سەوز و بارەگای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە پایتەختی عێراق، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوێنێ هەینی باری نائاسایی لە بەغدا راگەیاند و دوای چەند کاتژمێرێک بڕیاری لابردنی درا.

بەڵام وەک سەرچاوە ئەمنییەکان و پزیشکییەکانی بەغدا دەڵێن رووداوەکەی دوێنێ بەغدا و رووبەڕووبونەوەی خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کە بە زەبری هێز خۆپێشاندەرنیان لە ناوچەی سەوز و ئەنجوومەنی وەزیران دەرکرد بووە هۆی کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی دەیانی دیکە.

خۆپێشاندەرانی بەغدا چەن مانگێکە رۆژانی هەینی خۆپێشاندان ئەنجام دەدەن و داوای ئەنجامدانی چاکسازیی و نەهێشتنی گەندەڵی و پێکهێنانی حکوومەتێکی تکنۆکرات دەکەن لە عێراق. مانگی رابردووش بەهەمان شێوە خۆپێشاندەران کە دەگوترێ بەشی هەرە زۆریان لایەنگری رەوتی سەدرن هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و بۆ ماوەیەکی کورت داگیریان کرد، بەڵام دواتر لە باڵەخانەکە کشانەوە.

ئا: ئا ، ف