وەزیری کارەبای عێراق بۆ دۆسیەی کارەبا و دابینکردنی گاز دەچێتە تاران

لەگەڵ بەرپرسانی ئێران باسی قەرزە کەڵەکە بووەکان دەکەن
ماجد حەنتووش وەزیری کارەبای عێراق
ماجد حەنتووش وەزیری کارەبای عێراق

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرای کرد، هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی ئێرانی لەبارەی دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی عێراق لە وەرزی هاوین دەستپێدەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەش تاوتوێی دۆسییەکانی قەرز و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە سێکتەری کارەبا دەکەن.

ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو ماجد حەنتووش وەزیری کارەبا بە سەرۆکایەتی شاندێک بەرەو ئێران بەڕێدەکەوێت، لە وڵاتەکە تاوتوێی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان بەغدا و تاران لە بواری کارەبا دەکەنەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند، ئەو شاندە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بابەتی سەقامگیری هاوردەی گاز تاوتوێ دەکەن، کە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی هاوین خواست بۆ کارەبا زیاد دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی ئێرانی، رۆژانە 20 ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی هەناردەی عێراق دەکات، ئەو بڕەش پێویستییەکانی عێراق بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکانی کارەبا پڕ ناکاتەوە، چونکە لە وەرزی هاویندا وێستگەکان پێویستیان بە 70 ملیۆن پێ سێجای رۆژانەیە. 

لەبارەی قەرزەکانیشەوە گوتی، وەزیری کارەبا دۆسیەی گەڕاندنەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانیش لەگەڵ ئێران باس دەکات، کە گەیشتووەتە 4 ملیار دۆلار.