حکومەتی هەرێم هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتیانە دەدات لە هیندستان گیریان خواردووە

بەهۆی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا هەندێک هاووڵاتی هەرێم لە هیندستان گیریان خواردوە
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

K24- هەولێر:

حكومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە هەوڵدایە بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمی کوردستان کە لە هیندستان گیریان خواردووە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: ''حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدایە بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان كە لە وڵاتی هیندستان گیریانخواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە''.

سەفین دزەیی ئاشکراشی کرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش، لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئەو هاووڵاتییانەی لەو وڵاتە گیریانخواردووە بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

لە ئێستادا، هیندستان رووبەڕووی شەپۆلێکی مەترسیداری ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە و رۆژانە بە سەدان هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و بە هەزارانی دیکەش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدەدەن. تاوەکو ئێستاش، 106 هەزار کەس لە هیندستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.