سوپای تورکیا بنکەیەکی سەربازی لە چیای "کەڤرە سوور" جێگیركرد

"لە 27ی مانگی رابردووه‌وە سوپای تورکیا لە ناوچەکانی زناری کێستە و بەرزایی چەلکێی مەسیحییان و مەلا رەدێ به‌ هێلیكۆپته‌ر دابه‌زین و بنکەی سەربازیان جێگیرکردووە"
سوپای توركیا
سوپای توركیا

K24 – ھەولێر:

سوپای تورکیا لە رێگەی دابەزینی ئاسمانی بنکەیەکی سەربازیی لە چیای "کەڤرە سوور" لە سنووری ناحیەی کانی ماسی جێگیركرد.

سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسی بە کوردستان24 راگەیاند، "لە شەوی رابردوو شەڕ لە نێوان پەکەکە و تورکیا لە ناوچەکەیان بەردەوام بووە و دواتر لە دوای بۆردومانێکی چڕ بۆ سەر بنکەکانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە)، هێزەکانی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە چیای (کەڤرە سوور) دابه‌زیون و بنکەیەکی سەربازیان لەو ناوچەیە جێگیرکرد".

بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسی گوتیشی: "لە 27ی مانگی رابردووەوە سوپای تورکیا لە ناوچەکانی (زناری کێستە) و (بەرزایی چەلکێی مەسیحییان) و (مەلا رەدێ) له‌ هێلیكۆپته‌ره‌وه‌ دابه‌زیون و بنکەی سەربازیان جێگیرکردووە".