لەسەر ئەرکی سعوودیە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا نۆژەن دەکرێتەوە
K24 – هەولێر
وڵاتی سعودیە نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا دەگرێتە ئەستۆ، کە بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە سوتا.
عەبدولعەزیز شەمەری، باڵیۆزی سعودیە لە بەغدا رایگەیاند "لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا لە پەیوەندیداین".
گوتیشی "بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبیش بڕیارە لیژنەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی باری تەندروستی ئەو بریندارانە پێکبهێندرێت و ئەوانەی باری تەندروستیان ناجێگیرە لە سعودیە چارەسەریان بۆ بکرێت".
لە 24/4/2021، بەهۆی تەقینەوەی بوتڵی ئۆکسجینەوە، ئاگرێکی گەورە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب-ی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا لە بەغدا کەوتەوە، بەگوێرەی دوایین ئامار، 82 کەس گیانیان لەدەستدا و 110 کەسیش برینداربوون.