پڕۆژه‌ی دووسایدی كفری – كه‌لار گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغی كۆتایی

سه‌رۆكی حكومه‌ت ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خه‌رج كردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ داوه‌، كه‌ بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه‌ پێویسته‌ و ئێستا به‌ ڕێژه‌ی زیاتر له‌ 90% ته‌واو بووه‌

K24- هه‌ولێر:

رێگای دووسایدی کفری - کەلار یەكێك لەو 10 پڕۆژە ستراتیژیانە بوو، کە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاردرا کار کردن تیدا بەردەوام بیت، ئیستاش پڕۆژەکە له‌كاركردن بەردەوامە و بڕیارە له‌ ماوه‌ی کەمتر لە دوو مانگی دیکە رێگاکە تەواوببیت و بەڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە، کە ئاسانکاری زۆر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان دەکات.

له‌وباره‌یه‌وه‌ عەدنان خەلیل، بەڕیوەبەری رێگاوبانی گەرمیان بۆ كوردستان24 گوتی: كاركردن له‌و پڕۆژه‌یه‌ ئێستا له‌ قۆناغی چواره‌مدایه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كان، كه‌ له‌لایه‌ن كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ و تا ئێستا له‌ سه‌رووی 90%ی پرۆژه‌كه‌ ته‌واو بووه‌ و كاركردن تێیدا به‌رده‌وامه‌.

گوتیشی: سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ داوه‌، كه‌ بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه‌ پێویسته‌.

ئه‌و رێگایه‌ كه‌ بەستانداردی جیهانی دروست دەکریت، بەتەواوبوونی رێگای نیوان کفری - کەلار بۆ 20 خولەك نزیك دەکاتەوە و جمووجۆڵی بازرگانی وگەشتیاریش زیاتر دەکات. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا لوقمان عوسمان، ئه‌ندازیاری رێگاكه‌ ده‌ڵێت، پڕۆژه‌كه‌ به‌ به‌رزترین كوالیتی و ستانداردی جیهانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ته‌واوی بنه‌ما ئه‌ندازیارییه‌كانی تێدا به‌كارهاتووه‌ و بۆ داهاتووش هیچ كێشه‌ و گرفتێكی نابێت.

تیچووی ئەم پڕۆژەیە 44 ملیار دینارە و درێژیەکەشی 34 کیلۆ مەترە، بەتەواوبوونی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ کەرتی بازرگانی، گەشتیاری و ھاتووچۆ دەبوژێنە و رووداوەکانی ھاتوچۆش کەمتر دەکاتەوە.

H.B