ژنانی شانۆکار بە ئۆنلاین دیداری خانمانی شانۆ بەڕێوە دەبەن
K24 - ههولێر:
ژنانی شانۆکاری كورد له رێگهی ئهزموونێكی نوێوه، دووەمین خولی دیداری خانمانی شانۆ لە رێی ئۆنلاینەوە بەڕێوە دەبەن، بهڕێوهبهری دیدارهكه به كوردستان24ی راگهیاند، توانراوە ئەو چالاکییە لە رێگەی ئۆنلاینەوە قۆناغی یەکەمی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
فرمێسك مستەفا، بەڕێوەبەری دیدارەکە گوتی: "بیرۆکەی بە ئۆنلاینکردنی دیدارەکە لەم دۆخەی ئێستە بە پێویست و گرنگ دەزانم، تا ژنانی شانۆکاری کورد ببنە بەشێک لەو ئەزموونە جیهانییەی ئیستا هەیە، ئەویش بەڕێوەبردن و رێکسختنی چالاکییە کولتوورییەکانە لە رێگەی ئۆنلاینەوە.
گوتیشی: "خولی یەکەمی دیداری خانمانی شانۆ لە ساڵی 2013 لە باڵەخانەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومهتی ههرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، وا بڕیاربوو ساڵانە دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری ئەم چالاکییە بگرێتە ئەستۆی خۆی، بەڵام لەبەر ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی بەسەر کوردستاندا هات، چالاکییەکە راگیرا، خۆشبەختانە لەو دوو مانگەی دوایی توانراوە ئەو چالاکییە لە رێگەی ئۆنلاینەوە وەك قۆناغی یەکەم بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
فرمێسك مستەفا ئاماژهی بهوه كرد، لەم خولەشدا، جیاوازییەکی بەرچاو دەبینرێت، کە ئەوەیش یەکێک بوو لە ئامانجەکانی دیداری یەکەم، تا بتوانرێت سوود لە توانا و ئەزموونی ژنە مامۆستا و ئەکادیمیستییەکانی شانۆی کوردی وەربگیرێت، خۆشبەختانە چەندین وۆرکشۆپ و سیمینار ئهنجامدراون و بەسوپاسەوە مامۆستا "گەزیزە عومەر"، "دکتۆر نیگار حەسیب قەرەداغی"، دوو خولیان بۆ چەندین خانمە شانۆکاری کورد لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان کردەوە.
ئاماژهی بهوهش كرد، ئێستا لە قۆناغی پراکتیزەن و بەرهەمی بەشداربووەکان ڕۆژانە ئهنجام دهدرێت و وۆرکشۆپی مامۆستا گەزیزە عومەر (بە وشەکانمدا دەمدۆزنەوە)، كه ئەوەیش پێگەیاندن و هاندانی قەڵەمی خانمە شانۆکارەکانە بۆ نووسینی تێکستی شانۆیی.
بەڕێوەبەری دیدارەکە ئاشكرای كرد، (دەنگم یادەوەریمە)، وۆرکشۆپی دکتۆر نیگار حەسیب قەرەداغییه، كه بریتیە لە چەندین مەشق بۆ دۆزینەوەی دەنگی راستەقینەی ئەکتەر و پێرفۆرمەر، دۆزینەوەی تەکنیکی دروست بۆ بەخاوەنبوون بە میتودی خۆی لە دەنگیدا، هەروەها بەئەنجام گەیاندنی پارچە ڤیدیۆی پێرفۆرمانسی، کە ئاوێتەبوونی ئیستاتیکا و تێڕوانینی ژنە لەناو تێمای دەنگ و وێنەدا.
فرمێسک مستەفا، ئاشكراشی كرد، وۆركشۆپێكم به ناوی (منی ناوەوەم) بۆ چەند کچە قوتابییەکی لاوی شانۆ ئهنجام دا، ئامانجی ئەم ۆرکشۆپەیش ئاوێتەکردنی تێگهشتنی گەشەی مرۆیی و هونەری شانۆیە پێکەوە. هەروەها هێنانە ناوەوەی کچە شانۆکارەکانی قەزا و ناحیەکانە، بۆ خزمەتکردنی ناوچەکانی خۆیان لە رێگەی رێکخراوەکانی ژنانەوە و پتەوکردنی تواناکانییانە و ناساندی بەهرەو توانایانە.
بەڕێوەبەری دیدارەکە روونیكردهوه، "هونەری بەڕێوەبردن و کاری هەرەوەزی لە کایە کولتوورییەکاندا" و "ژنی سەرکردە کێیە؟"، ئەم وۆرکشۆپە لە ئایندەدا لە لایەن "رۆژە حەسەن" بەڕێوەدەچێت، هەروەها وۆرکشۆپی جەندەر و جەستەی ژن لەلایەن "میدیا رەئوف"ەوە دوو هەفتەی خایاند.
روونیشیكردهوه، بەو هیوایەی بەشی دووەمی دیدارەکە بچێتە قۆناغی پراکتیزەوە، تا ئەو کات چەندین سیمیناری ئامادەکراو هەیە لە پاڵ ئەم وۆرکشۆپانەدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، سیمینارەکانیش کۆمەڵێک ژنە شانۆکار سازی دەکەن، وەک "رێزان ساڵح، خەرمان هیرانی و ڤیان نەوشیروان"، ئەم دیدارەش ماوەی سێ مانگ دەخایەنێت.
دەستەی بەڕێوەبەری ڤێستڤاڵەکە، لهلایهن "فرمێسک مستەفا"هوه وهك رێكخهر و بهڕێوهبهری دیدار بهڕێوهدهچێت و ئهندامانی بهڕێوهبردن ههر یهك له "ئاشنا رەئوف"، "ئاڤان حوسێن" و "خەرمان هیرانی" دهبن.