پۆلیسی سلێمانی بكوژێكی دەستگیركرد

"بكوژ و كوژراو لە پڕۆسەی هاوسەرگیرییان لێك جیابوونەتەوە، بەڵام لە ماڵێكدا پێكەوە ژیاون"
پۆلیسی سلێمانی بكوژێكی ده‌ستگیركرد
پۆلیسی سلێمانی بكوژێكی ده‌ستگیركرد

K24 - سلێمانی:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆ تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد، كه‌ شه‌وی رابردوو هاوسه‌ری پێشووی خۆی كوشتبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكرده‌وه‌، شەوی رابردوو کاتژمێر 9:30 لە گەڕەكی بەكرەجۆی شاری سلێمانی دەنگی تەقە بیستراوه‌، دەستبەجێ‌ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆ گەیشتوونەته‌ شوێنی رووداوەكە و دەركەوتووه‌، كە پیاوێك فیشەكی ناوە بە هاوسه‌ری پێشووی و كوشتویەتی و دواتریش هەڵاتووە.

بەڕێوەبەرایەتییه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، دوای رووداوه‌كه‌ بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆ و نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن راسپێردران، كە لێكۆڵینەوەی ورد لە رووداوەكە بكەن و تۆمەتبار بدۆزنەوە و دەستگیری بكەن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دوای لێكۆڵینەوەكان و گەڕان و پشكنینەكان، توانرا لە ماوەی 3 کاتژمێردا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت، روونیشكرده‌وه‌، تۆمەتباره‌كه‌ (م، ك، أ) لەدایكبووی (1986)ه‌ و بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد، بكوژ و كوژراو لە پڕۆسەی هاوسەرگیرییان لێك جیابوونەتەوە، بەڵام لە ماڵێكدا پێكەوە ژیاون.

 

د.ی