ئه‌مه‌ریكا: په‌كه‌كه لای ئێمه له لیستی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كاندایه
K24- هه‌ولێر:
له راگه‌یه‌ندراوێكدا، كه له په‌جی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكرده‌وه، هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتارانی ده‌ڤه‌رى زاخۆ، به‌روارى باڵا و ئامێدى، پێشوازییان له رۆب واڵه‌ر، كونسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
وه‌ك هێمن هه‌ورامی ئاماژه‌ی پێدا، له سه‌ره‌تای دیدارەکەدا رۆب واڵه‌ر كونسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ریكا، پرسه و سه‌ره‌خۆشیی خۆی بۆ شه‌هیدبوونی شه‌ش پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه ده‌ربڕی و هیوای چاكبوونه‌وه‌ى بۆ برینداره‌كان خواست.
سه‌باره‌ت به پرسی ده‌ستوور و دوایین هه‌نگاوه‌كان و پڕۆژه‌یاساى دادگای تاوانكاریی تایبه‌تمه‌ند به‌تاوانه‌كانی داعش له هه‌رێمی كوردستان، هێمن هه‌ورامی گوتی: "گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌و پرسه كرا و دوا هه‌نگاوه‌كان و كارى لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه خرایه‌ڕوو".
وه‌ك باسیشی كرد، "سه‌باره‌ت به‌پرسی ده‌ستوور، وردهكاریى زه‌مینه‌سازیی سیاسی له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و په‌رله‌مان و ڕای فراكسیۆنه‌كانمان بۆ كونسوڵی ئه‌مه‌ریكا خسته‌ڕوو" و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "بۆ دۆخی ئابوورى و ئاماده‌كارییه‌كانی بودجه وردەکاری پێویست شیکرایەوە".
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "لەسەر ره‌وشی ناوچه سنوورییه‌كان، ئاماژه‌مان به‌وه‌دا، كه هه‌ڵوێستی په‌رله‌مان دژه شه‌ڕه و چه‌ندین جاریش ئه‌وه‌مان دووپات كردووه‌ته‌وه، كه ده‌بێت په‌كه‌كه و توركیا شه‌ڕ و ململانێكانیان له‌هه‌رێمی كوردستان دووربخه‌نه‌وه، هه‌روه‌ك وردهكاریى بیانوو به‌ده‌سته‌وه‌دانی په‌كه‌كه‌مان بۆ له‌شكركێشییه‌كانی هێزه‌كانی توركیا و ئاڵۆزی و ماڵوێرانی، كه به‌هۆی په‌كه‌كه‌وه بۆ سه‌دان گوندى ناوچه‌كه دروستبووه، خسته‌ڕوو".
وه‌ك ئاماژه‌شی پێدا، "لای خۆیه‌وه كونسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر په‌كه‌كه ڕوون و ئاشكرایه و لای ئه‌مه‌ریكا له‌ناو لیستی ئه‌و رێكخراوانهدایه كه كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، گووتیشی: "ئێمه پێشووتریش له‌كاتی ئه‌و هێرشه و شه‌هیدبوونی ئه‌و پێشمه‌رگانه له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌مان كردووه".
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا هه‌ردوولا جه‌ختییان له‌سه‌ر پته‌وكردنی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كرده‌وه.
H.B