لە کابینەی نۆیەم هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان سنووردار کرا

لە دوو ساڵی کارکردنیدا کابینەی نۆیەم، سێ کارگەی بنەتۆ داندراوەو لیژنەی نیشتمانی تۆمارکردنیش دامەزراوە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

له ماوەی دوو ساڵی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵ دوو هەنگاوی گەورەی ناوە، یەکەم دامەزراندنی سێ کارگەی بنەتۆ كه‌ رۆڵی گرنگی دەبێ لە رێگریکردنی چوونە دەرەوەی سەرمایەی ناوخۆ بۆ بازاڕی دەرەکی، کە ساڵانە بە 80 هەزار تۆن مەزەندە دەکرێت. هەنگاوی دووەمیش دامەزراندنی لیژنەی نیشمانی تۆمارکردن و پەسندکردنی بنەتۆیە لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش هەنگاوێکی نوێ و ستراتیژی و گرنگە بە ئاراستەی توێژینەوە و دیاریکردنی باشترین بنەتۆ کە کارئاسانی  زۆر دەکات بۆ جوتیاران و کۆمپانیاکان.

ھاوردە کردنی کەلوپەلی کشتوکاڵی و بەرھەمە کشتوکاڵییەکان، لە کابینەی نۆیەمدا سنووردار کرا، ھەر بەرھەمێک لە ناوخۆدا بەرھەم بێت ھاوردەکردنی قەدەغە دەکرێت. لە ژێر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان،  پڕۆژە کشتوکاڵییەکان زیاتر گرنگیان پێدرا و بازاڕی  کشتوکاڵی و بەرھەمھێنانی ناوخۆیی دەستیپێکرد.

وەزارەتی کشتوکاڵ  بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ و جێبەجێکردنی ستراتیجییەتی حکومەت، بۆ پەرەدان بە کەرتی کشتوکاڵ  پلانی ستراتیجییان داڕشتووە و هەنگاوی گەورەش لە بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵی ناوخۆیی نراوە.

کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەر بەرهەمێک لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەم بهێنرێت، لەکاتی پێگەیشتنی هاوردەکردنی لە وڵاتان قەدەغە دەکرێت، بۆ ئەوەی جوتیاران سوود لە بەرهەمەکەیان ببینن. بە گشتی ئێستا رەوشی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو باشترە".

بازرگانی کاڵاکانی کشتوکاڵی و ھێنانی کەلوپەلە کشتوکاڵییەکان لە دەروازەکانی ھەرێمی کوردستان، زۆرترینیان لە ئێران و تورکیاوەن، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی ھەرێم ئاشکرای دەکات، زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی بازرگانان ھاوردەی ھەرێمی کوردستانیان کردووە لە کەرتی پیشەسازی و دەرمان و پزیشکی و ئاژەڵ و خۆراک و بووە، بەڵام ھەناردە کەمە.

نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی دەڵێ: "لە ساڵی 2019، زیاتر لە 850 مۆڵەتی بازرگانیمان داوە بە کەرتی کشتوکاڵ، کە ئەمانە ئامێری کشتوکاڵی و بنەتۆ و هەموو ئەو پێداویستیانە دەگرێتەوە کە بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێنرێن. لە ساڵی 2020 بەهۆی پەتای کۆرۆنا جموجۆڵی بازرگانی کەمبووەوە، بۆیە لەو ساڵە 650 مۆڵەتمان داوەتە کەرتی کشتوکاڵ".

لە 50% ئەو کەلوپەلە  و بەرھەموو کشتوکاڵییەکان، کە لە دەروازەکانەوە دەهێنرێنە ھەرێمی کوردستان، لە وڵاتی ئێرانەوە دێن و 50%شی هی تورکیا و وڵاتانی بیانی دیکەیە،  لە رێگەی چوار دەروازەی فەرمیشەوە ھەرێمی کوردستان مامەڵەی بازرگانی  لەگەڵ وڵاتان ھەیە، بەڵام بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ نایشارنەوە لە مەرزە فەرمی و نافەرمییەکانەوە کەلوپەلی قاچاغ داخڵ دەکرێت و تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.