يادى ته‌ها كه‌ريمى ده‌كرێته‌وه‌

رۆژی 29ی ئایاری ساڵی 2016 سێ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سینەماکاری لاوی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، تەها کەریمیدا تێدەپەڕێ.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/b8429b8d-4dc4-4a7c-84bf-9f8f05a57596/yadikochitehakerimi.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

رۆژی 29ی ئایاری ساڵی 2016 سێ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سینەماکاری لاوی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، تەها کەریمیدا تێدەپەڕێ.

تەها کەریمی تەنیا 35 ساڵ ژیا، بەڵام لەو ماوە کورتەی تەمەنیدا کۆمەڵێک فیلمی سینەمایی بەرهەمهێنا و سینەمای کوردی گەیاندە چەندین فستیڤاڵی نێودەوڵەتی، بەڵام خەزانی ناوادەی تەمەنی، لەمە زیاتر مەودای پێنەدا.

شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان شاری سەرهەڵدانی ئەدەب و هونەرە و رۆژی 29ی ئایاری ئەمساڵیش بە میوانداریی هۆگرانی هونەری سینەما، یادی سێ ساڵەی کۆچی دوایی یەکێک لە هونەرمەندانی کردەوە.

ئیبراهیم یوونسی، عەتا نەهایی و بەهەمەنی قوبادی و چەندین نووسەر و وەرگێڕ و هونەرمەندی کورد پەروەردەی دامێنی چیای ئاربابای بانەن. بەڵام لە نێو ئەم هونەرمەندانەدا تەهای کەرمی لەگەڵ خۆیدا بەشێک لە هونەری سینەمای کوردیشی بە جوانەمەرگی جێهێشت.

سێ ساڵ بە سەر کۆچی دوایی لاوێکی هونەرمەنددا تێپەڕی کە لەتەمەنی کورت و پڕ بەهەرمیدا فیلمەکانی گەیشتەنە فسیڤاڵە جیهانییەکان.

وڵاتانی ئێران، هندستان، بەریتانیا، ئیماراتی یەکگرتوویی عەرەبی، تورکیا، هۆڵەندا، ئيسپانیا، بەرازیل، ئیتاڵیا، رۆمانیا، ئەڵمانیا و ئەلبانیا، لەم  ماوە کورتەی تەمەنیدا بەرهەمەکانی تەها کەریمییان لێ پێشاندرا و لەو فستیڤاڵانە کۆمەڵێک خەڵاتی بردەوە.

تەها کەریمی ساڵی 1978 لە شاری بانە لەدایک بوو. دوای تەواوکردنی قۆناغی قوتابخانە، لە بەشی سینەما و شانۆی زانکۆی تاران خوێندی. گەڕایەوە کوردستان و خاکی نیشتمانەکەی کردە قوتابخانەی ئەزموونی زیاتر و ساڵی 2013 بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد. 

ئەو تەمەنە، لەبواری زەمەنەوە، لەوپەڕی کورتیدایە و لە بواری هونەرەوە بەمەودای داهاتووی هونەری سینەمای کوردی درێژە.

ئەزموونەکانی، زریان، سنووری ژیان، کوێستانی سپی، نەوت شێرپەنجەی شارەکەم وهەزار ویەک سێو و بەرەهەمەکانی دیکەی تەهای کەریمی لە داهاتووی سینەمای کوردیدا لەوە تەمەن درێژترن بە پێوانەی زەمەن تەمەیان بۆ دیاری بکرێت.

هونەرێک کەلتوور و مێژوو و خولیای تاکەکانی کورد تێکەڵاوی تەکنیکەکانی سینەما بکات، بۆ ئەوە دەبێت، توێژینەوە و خوێندنەوه‌ی نەوەکانی داهاتووش بەزیندووی بیهێڵێتەوە. ئەم هونەرە تەنیا لە ژێر سێبەری ئاربابادا ئۆقرە ناگرێت و وەک سەماندوویەتی، سنووور و کەوشەنە دوور و نزیکەکان دەبەزێنێت.