گەشتوگوزاری سلێمانی پلانی گه‌شتیاری بۆ جەژنی قوربان رادەگەیەنێت

لیژنە گەشتیارییه‌كان پشكنين بۆ هاوینەهەوار و سەیرانگاكان ده‌كه‌ن
سلێمانی
سلێمانی

K24 - هه‌ولێر:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (19ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2021) رایگه‌یاند، ئاماده‌كاریان بۆ جه‌ژن كردووه‌ و سەرجەم لیژنەکانی گەشتیاری شاری سلێمانی و قەزاکانی دەوروبەری  پشكنينەکانیان بۆ هاوینەهەوار و سەیرانگا و هەموو شوێنەکانی خاوەن مۆڵەتە گەشتیارییەکان چڕدەکەنەوە.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانیدا هاتووه‌، هەماهەنگى تەواو له نێوان گەشتوگوزار و بازگە و دەروازە و فڕۆکەخانە دروستکراوە بۆ ئاسانکاری زیاتری میوان و گرووپه‌ گه‌شتیارییه‌كان.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی:

بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆز، ژمارەیەکی زۆر لە میوان و گەشتیاران سەردانی پارێزگای سلێمانییان کردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانی داهاتوو ژمارەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە، لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی پلانی پێویستی هەیە و گرنگترینیان خۆی لەم خاڵانەی خوارەوە دەبینەوە:

1- سەرجەم لیژنەکانی گەشتیاری شاری سلێمانی و قەزاکانی دەوروبەری  پشكنينەکانیان بۆ هاوینەهەوار و سەیرانگا و هەموو شوێنەکانی خاوەن مۆڵەتە گەشتیارییەکان چڕدەکەنەوە.

2- سەنتەرى زانيارى له رۆژانی جەژن و دواتر لە رێگەى هێڵێكى گەرمەوە زانیاری پێویست پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن، لە رێگەی ئەم ژمارە تەلەفۆنەوە 07725120235 .

3- هەماهەنگى تەواو له نێوان گەشتوگوزار و بازگە و دەروازە و فڕۆکەخانە دروستکراوە بۆ ئاسانکاری زیاتر.

4 - تەواوی بەڕێوەبەرایەتییە گشتيیەكانى گەشتوگوزاری پارێزگاكان بۆ هەر ئاسانكارى و هەماهەنگی و چارەسەری کێشەکان لە پەیوەندی بەردەوام دەبن.

5- بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی راستەوخۆ سەرپەرشتی و  بەڕێوەچوونی کارەکان دەکات، پەيوەندى و ئاسانکاری بەردەوامی دەبێت  لەگەڵ هەموو لایەنە کارگێڕییە پێویستەکان بۆ هاتن و رۆشتنی میوان و گرووپە گەشتیارییەکان لە سەنتەری شار و دەرەوەی شارەکانه‌وه‌.

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی