ئەمەریکا 155 ملیۆن دۆلار دەداتە عێراق

"ئەمەریکا وەک یەکەم وڵاتی بەخشەری سەرەکی لە چوارچێوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ عێراق دەمێنێتەوە"

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی وەک یەکەم وڵاتی بەخشەری سەرەکی لە چوارچێوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ عێراق دەمێنێتەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا 155 ملیۆن دۆلاری دیکە دەبەخشێتە عێراق. بلینکن دەڵێ: هاوکارییەکان لە چوارچێوەی ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکادان.

دوای کۆبوونەوەی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق،و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمەریکا پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکات، بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک لە بواری دادپەروەری و نەهێشتنی گەندەڵێ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ کە گرنگیەکی زۆریان بۆ خەڵکی عێراق هەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەشی خستووەتەڕوو، وڵاتەکەی پابەندە بە هاوکاری و پشتیوانیەکانیەکانی بۆ عێراق بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی.