''حەوشەکەی ماڵی عەلی مەردان دەکرێته‌ مۆزەخانە بۆ ئەرشیفەکانی''

40 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی عەلی مەردان تێدەپەڕێت
kurdistan24.net

K24 - كه‌ركووك:

40 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی کورد عەلی مەردان تێدەپەڕێت، بڕیارە مۆزەخانەیەک لەناو حەوشەی ماڵەکەیان دروست بکرێت و ئەرشیفەکانی لەوێ کۆبکرێنەوە.

عەبدولقادر عەلی مەردان، کوڕی هونەرمەند عەلی مەردان بە کوردستان24ی راگەیاند، "کار لەسه‌ر درووستکردنی مۆزەخانەیەک دەکەین لەحەوشەکەی ماڵی عەلی مەردان بۆ ئەرشیف و رێزلێنانەکانی رەحمەتی باوکم کە لێرە و لە بەغدا و لە دەرەوەی وڵات وەریگرتووە".

لە 40 ساڵەی یادی کۆچکردنی، هونەرمەندی دەنگخۆش، کوڕ و کچەکان و نەوەکانی و پۆلێک لە هونەرمەندان سەردانی گڵکۆی عەلی مەردانیان کرد.

سیروان عومەر، سەرۆکی لقی کەرکووکی سەندیکای هونەرمەندان، بۆ کوردستان24 گوتی: "لەبەرنامەمان دایە، لەگەڵ ناوەندی عەلی مەردان کۆنسێرتێک لەساڵیادی کۆچی دواییەکەی بکەین".

قەدریە عەلی، كه‌ کچە گەورەکەی عەلی مەردانه‌، دەڵێت: "نەوەکانی کەسیان رێچکەی ئەویان نەگرت و هیواو ئاواتم ئەوە بوو دەنگم وەک جاران خۆشبووایە تا رێچکەکەی ئەوم بگرتایە، چونکە باوکمان حەزی دەکرد، یەکێکمان رێچکەکەی ئەومان بگرتبایە".

شارەزایی و کارامەیی مامۆستا عەلی مەردان لە ھونەری مەقام دا ئەوەندە ئاشکرایە کە مامۆستاکانی مەقامی عێراقی عەلی مەردان بەمامۆستا و ڕابەری خۆیان دەزانن، مامۆستا عەلی مەردان کوردێکی دڵسۆز و خاوەنی ھەستێکی پاکی کوردایەتی بوو، ھەتا ڕۆژی کۆچکردنیشی، کە سوێندی بخواردایە، ھەر بە کوردستان سوێندی دەخوارد.

مامۆستای مه‌قاماتی كورد، عەلی مەردان، ساڵی 1904 لە گەڕەکی تەکیەی شێخ عەلی کەرکووک، لە دایکبووە، خوێندنی لە کەرکووک و لای مامۆستا ساڵح دەستپێکردووە، هەر لەوێشەوە لای مامۆستای دەنگخۆش مەلا رەئووف، فێرە تەجویدی قورئان و هەندێک لە مەقامات و قۆریاتی تورکمانی بووە.

عەلی مەردان، لە تەمەنی 77 ساڵیدا و لە 24 ـی تەممووزی ساڵی 1981 کۆچی دوایی کردووە و لە شاری کەرکووک لە گۆڕستانی شێخ محێدین، بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردراوە.

ئ.س