هێشتا ئاگرەکەی تورکیا کۆنترۆڵ نەکراوە

ئاگرەکە زیاتر لە 100 شوێنی گرتووەتەوە، ئەردۆغان دەچێتە نزیک شوێنی رووداوەکە
ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا - فۆتۆ: aa
ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا - فۆتۆ: aa

K24 – هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە هێلیکۆپتەر سەردانی ئەو شوێنانەی کرد، کە بەهۆی ئاگرەکەی شارۆچکەی ماناڤگات-ی سەر بە پارێزگای ئانتاڵیا زیانیان بەرکەوتووە و ئاشکرای کرد "جگە لە فڕۆکەکان 80 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکە گەیشتوونەتە شوێنی رووداو".

گوتیشی "ژمارەی فڕۆکەکانمان بە وەرگرتنی پشتیوانی لە وڵاتانی جیا، زیادکرد. بەو فڕۆکانەی کە لە وڵاتانی رووسیا، ئێران و ئۆکراینا ھاتوون، ژمارەی فڕۆکەکانمان گەیشتنە 16 فڕۆکە. هەروەها 45 ھێلیکۆپتەرمان سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن. نۆ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش بەکاردەهێنرێن".

ئەردۆغان، ئاماژەی بەوەشکرد: "وەزارەتی تەندروستیی بە 38 ئامبوڵانس و 175 کارمەندەوە ھاوکاری ھاووڵاتییانمان دەبن.

بەکر پاکدەمیرلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا کە یاوەری ئەردۆغان بوو، رایگەیاند "ئەو ئاگرەی لە چەند رۆژی رابردوو لە دارستانەکانمان کەوتەوە، توانرا بە هەوڵی کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە لە زەوی و ئاسمانەوە لە زۆربەی شوێن ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە".

 وەزیری کشتوکاڵ و دارستەناکنی تورکیا، ئاماژەی بەوەشکرد "ئێستا لە کۆی 107 شوێن لە 26 پارێزگای تورکیا توانراوە لە 98 شوێن ئاگر کۆنتڕۆڵ بکرێت".

کۆبوونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و بەرگری شارستانی لە شارۆچکەی ماناڤگات-ی سەر بە پارێزگای ئانتاڵیا
کۆبوونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و بەرگری شارستانی لە شارۆچکەی ماناڤگات-ی سەر بە پارێزگای ئانتاڵیا