دامەزراندنی پارتی لە گۆشەنیگای جیاوازترەوە

Kurd24

لە (1946)دا خوالێخۆشبوو مەلامستەفا بارزانی هاوڕێ لەگەڵ دەستەبژێرێک لەهەڤاڵە تێکۆشەرەکانی باشووری کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەرانی شۆڕشی بارزان، کە لەگەڵ خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەد و بارزانی نەمردا خۆیان گەیاندبووە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پشتیوانیێکی بەرچاوو کاریگەریان لە پێکهێنانی کۆماری کوردستان کردو هاوکات لە جەنگی بەرگریکردن لە کۆماریشدا، ڕۆڵێکی گرنگ و مێژوویی و گەواهی بۆدراویان بینی.

ئەو دەستەبژێرە بە ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر لە(16ی ئابی 1946)دا (پارتی دیموکراتی کورد)یان دامەزراند. بۆیە لەم بۆنەیەدا، من و کەسوکار و هەروەها کەسوکاری ئەوانەش کە لەگەڵ باوکی خوالێخۆشبوومان (وه‌هاباغای رواندزی) وەک بەشێک لەو هێزانەی کە بە ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر گەیشتبوونە کۆمار و وەک جەنگاوەر تیایدا بەشداربوون، شانازی بەو بەشدارییە لە بەرگری لە کۆمار و لە دامەزراندنی گرنگترین و مێژوویترین حزبی کوردستانیشدا ئەکەین، کە (پارتی دیموکراتی کوردستان)ـە.

دامەزراندنی (پارتی) هەرچەندە لە هەلومەرجێکی زۆر بوغرنجی هەرێمایەتی و بگرە جیهانیش دابوو، کە هەلومەرجی (پاشلەرزەکان)ی جەنگی جیهانیی دووەم بوو، وەک چۆن دامەزراندنی کۆماریش هەر لە ناو هەمان دۆخدابوو، بەڵام دامەزراندنی پارتی بووە بناغەیەکی پتەو بۆ تێکۆشانی سەختی کوردایەتی لە باشووری کوردستاندا،  بەجۆرێک کە ئەو پارتە، وێڕای ئەوەی بە چوونی بارزانی نەمر و هەڤاڵانی بۆ سۆڤیەت و هەروەها گرتن و لەسێدارەدان و دەستبەسەرکردن و ئاوارەکردنی ژمارەیەکی زۆری جەنگاوەرانی هێزەکانی بارزان کە دوای شکستی کۆمار، هاوڕێ لەگەڵ خاوخێزانیان گەڕابوونەوە باشووری ژێردەستی دەوڵەتی پاشایەتی عێراق و هەروەها لەسێدارەدانی چوارئەفسەرە تێکۆشەرەکە، گورزی قورس بە پارتی کەوت، بەڵام لەئاستی ڕێکخراوەیی و حزبایەتیدا بەئەندازەیەکی باش پارێزگاری لەبوونی نهێنی خۆی کرد، هەرچەندە لەناوخۆی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیدا کێشە و کێشمەکێشی فیکری و سیاسیشیان هەبوو، بەڵام ئەو پارتە دووچاری هەڵوەشانەوەو بگرە خۆسڕکردنیش نەبووەوە، بێگومان سەرکردایەتی و کادرەکان و ئەندامەکانی، لەو ڕووەوە ڕۆڵیان هەبووە، بەڵام لەڕووی مەعنەوییەوە کەسایەتی و کاریزماتیکی خۆشەویستی مەلا مستەفای نەمر قووڵایێکی زۆر و کاریگەریەکی پتەوی لەسەر باری مەعنەوی ئاستە جیاجیاکانی ڕێکخستنەکانی پارتی دروستکردبوو، هەربۆیە بەبەردەوامی تا گەڕانەوەی بارزانی نەمریش لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی پاشایەتی، هەر بە سەرۆک مایەوەو بگرە لە دەرەوەی شانەو ئۆرگانە نهێنیەکانیدا و لەناو بەشێکی بەرچاوی چین و توێژەکانی کوردەواریشدا بارزانی نەمر وەک سومبلێکی مەزنی کوردایەتی مابووەوە، هاوکات زیندانیکردن و حوکمدانی شێخ ئەحمەدی نەمرو زۆرێک  لە بارزانیەکان و جەنگاوەرەکانی تری بەشداربوو لە کۆماری کوردستان بە حوکمی لەسێدارەدان و زیندانی هەمیشەیی و هیتریش و هەروەها ئەو زوڵمەی، کە دەزگاجیاجیاکان و دارودەستەکانی دەوڵەتی پاشایەتی ، بەدەزگای دادوەریشەوە لە بارزانیەکانیان ئەکرد، لەئاستی کوردەواری شار و لادێ و ناوچەجیاجیاکانی باشوور هاوسۆزیەکی فراوانی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی بۆ بارزانیەکان و بۆ پارتی دروستکردبوو، کە بەبۆچوونی من و بەبەڵگەی یادەوەرییە بڵاوکراوەکان و مێژووی زارەکی ئەو سەردەمە، هەموو ئەو بۆچوونانەی ئاماژەم پێیاندا سێ دەرەنجامی گرنگیان لێ وەدیهات:

یەکەم: کۆبوونەوەی بەردەوام و پەرەسەندووی پرۆسەی کوردایەتی و کوردەواری لەدەوری ڕەمزەکەیدا کە بارزانی نەمربوو، هێشتنەوەی ئەو ڕەمزە بەهۆی شێلگیری پارتی و پارتیەکان و کوردەواری، مەوداو ڕەهەندی زۆرتر و فراوانتری بە کوردایەتی و بەپارتیدا،  کە لەلایێکەوە سنووری باشووری کوردستانی بەزاند و پەڕییەوە پارچەکانی تری کوردستانیش، هاوکات ڕەمزیەتی بوونی بارزانی و پارتی وەک شووناسێک بۆ کورد و پرسی کوردستان، لەناو دەستەبژێری سیاسی و ڕۆشنبیرو کۆمەڵایەتی و عەشایەری ناوچە عەرەبیەکانی عێراق لەپەرەسەندنی بەردەوام دابوو، کە ئەمەش هێز و گوڕی زۆرتری لە هەموو کوردستان و هەموو ئەو گۆڕپانە ناوچەییانەدا پێ ئەدا کە ئەو حزبە تیایدا کارابووە.

دووەم: سەرەڕای ئەو هەموو مەترسی و هەڕەشە و تۆقاندنەی، کە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق لەسەردەمی پاشایەتیدا  لەسەر پارتی و ئۆرگان و ئەندام و لایەنگرانی هەیانبوو، بەڵام پارتی وەک هەڵکشانی ڕێژەیی ئەندام و لایەنگرو وەک چالاکی جۆراوجۆریش، بە چالاکی هاوئاهەنگی و بەشداربوون لە چالاکیەسیاسیەکانی ئۆپۆزسیۆنی نهێنی ئەوسای عێراق وەک خۆپیشاندان و کەمپینی جۆراوجۆر و کارابوون لەناو ململانێی سیاسیی سەندیکا ڕەسمیەکان و هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پشتیوانیکردن لە چالاکییە مەدەنیەکانی وەک یادکردنەوەی نەورۆز و هیتریش پاشەکشەی نەکرد و هەر بەکارایی مایەوە.

سێیەم: پارتی لەناو کۆمەڵگەی کوردستان و لەناو کۆمەڵگاکانی عەرەبی سوننەو شیعەو نەتەوەکانی تریشدا بەردەوام چەمک و دەستەواژەی تایبەت بەخۆی بۆ هەموو پرسە سیاسی و حقوقی و بگرە کلتوری و فیکرییەکانیش بەرهەم ئەهێنا کە ببوونە فاکتەر و ئەدگارەکانی جۆرێک لە شوناس و ناسنامەی تایبەت بە پارتی وەک، حزبی تاقانەی نەتەوەیی کورد و نیشتمانی کوردستان.

لەو گۆشەنیگایانەی، کە لەسەرەوە ئاماژەم پێیاندا، بەهەبوونی فاکتەری دیکەش، لە ڕەوتی مێژووەوە، پارتی بووە هێزێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی ئەوتۆ کە وێڕای پیلانگێڕی ناوخۆی خۆی و ناو کوردستان و ناوچەکەو دەولیش، توانیوویەتی کە تا ئەمڕۆش وەک حزبیێکی لەپێشەوە و خاوەن فاکتەرەکانی بەردەوام بوون، و رەمزیەتبوونی دانپیانراوی نەک هەر بپارێزێ بەڵکو پەرەشی پێبدا.