له‌ گوڵاڵه‌ داعش هێرشی كرد

5 سه‌ربازی عێراقی برینداربوون
چه‌كدارانی داعش له‌كاتی هێرشكردندا، وێنه‌: ئه‌رشف
چه‌كدارانی داعش له‌كاتی هێرشكردندا، وێنه‌: ئه‌رشف

K24- هه‌ولێر:

چه‌كدارانی داعش له‌ گوندێكی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی گوڵاڵه‌ هێرشی سه‌ر خاڵێكی هێزه‌كانی سوپای عێراقیان كرد و به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكیش به‌و هێزانه‌دا كه‌ به‌هانای ئه‌و خاڵه‌ی سوپاوه‌ چوون، 5 سه‌ربازی عێراقی بریندار بوون.

سه‌رچاوه‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، ئه‌مشه‌و چه‌كدارانی داعش له‌ نزیك گوندی حه‌لاونی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی گوڵاڵه‌ هێرشی سه‌ر خاڵێكی هێزه‌كانی سوپای عێراقیان كرد، دواتر هێزێكی دیكه‌ی سوپا كه‌ بۆ به‌هاناوه‌چوونی سه‌ربازانی ناو ئه‌و خاڵه‌ كه‌وته‌ڕێ، بۆمبێكی داعش پێیاندا ته‌قییه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا 5 سه‌رباز بریندار بوون.

جێگای ئاماژه‌یه‌، به‌م دواییانه‌ تادێت چه‌كدارانی داعش هێرشه‌كانیان له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم چڕتر كردووه‌ته‌وه‌ و به‌رپرسان و شرۆڤه‌كارانی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، داعش له‌و ناوچانه‌ی خۆی رێكخستووه‌ته‌وه‌ و له‌ڕووی داراییشه‌وه‌ ژێرخانه‌كه‌یانی به‌هێز كردووه‌ته‌وه‌.

جێگای ئاماژه‌یه‌، به‌ر له‌ دوو رۆژ ته‌نها له‌ دوو هێرشی جیاوازی چه‌كدارانی داعشدا له‌ سنووری پارێزگاكانی كه‌ركووك و نه‌ینه‌وا، 15 ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق كوژران.

دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و هێرشی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، دۆخی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه‌ زۆر مه‌ترسیدار بوو و داعش له‌و شوێنانه‌ ده‌ستی به‌ چالاكییه‌كانی كرده‌وه‌، خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ش به‌رده‌وام داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ ده‌رڤه‌ره‌كانیان ده‌كه‌ن.

H.B