به‌ هاوكاری نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت سبه‌ی 57 په‌نابه‌ره‌ كورده‌كه‌ له‌ سووریاوه‌ ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ هه‌ولێر

به‌ هاوكاری نووسینگه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی ‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و 57 په‌نابه‌ره‌ كورده‌ی له‌ توركیاوه‌ دیپۆرتی سووریا كرابوون، سبه‌ی ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.
باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران
باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران

K24 – هه‌ولێر:

به‌ هاوكاری نووسینگه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی ‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و 57 په‌نابه‌ره‌ كورده‌ی له‌ توركیاوه‌ دیپۆرتی سووریا كرابوون، سبه‌ی ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ دۆسیه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر هێڵ بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ و سه‌ره‌نجام توانراوه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و ئه‌و په‌نابه‌ره‌ كوردانه‌ بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ روونیكرده‌وه‌، فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێكاری پێویستی گرتووه‌ته‌ به‌ر و هه‌وڵه‌كانی چڕ كردووه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌.

په‌نابه‌ره‌كان ژماره‌یان 57 كه‌سه‌ و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانن و دوای ئه‌وه‌ی له‌ توركیا ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی وتویانه‌ له‌ سووریاوه‌ رایانكردووه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا ئه‌وانیان دیپۆرتی سووریا كردبوویه‌وه‌.

په‌نابه‌ره‌كان له‌ كه‌مپی "ئیوا – شبیبی"ی ناوچه‌ی ئه‌عزازی سه‌ر به‌ پارێزگای حه‌له‌ب له‌ باكووری سووریا و هاوسنووری توركیا ده‌ستبه‌سه‌ر كراوون.

په‌نابه‌ره‌كان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و گرووپ و ملیشیا چه‌كدارانه‌ن، كه‌ لایه‌نگری توركیان و ئیداره‌ی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌عزاز، ته‌نیا پێگه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ بووه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی 11 ساڵی رابردوودا هه‌ردوو به‌شی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا و رۆژئاوای له‌یه‌ك داده‌بڕی.

نه‌خشه‌ی سووریا، كه‌ هه‌ڵكه‌وته‌ی ئه‌عزاز پیشان ده‌دات
نه‌خشه‌ی سووریا، كه‌ هه‌ڵكه‌وته‌ی ئه‌عزاز پیشان ده‌دات