کچە یاریزانێکی تۆپی دەستی یانەی هەولێر: هیوادارم چاکسازی وەرزشیش بگرێتەوە

ئاڵا دێدەوان یاریزانی تۆپی دەستی کچانی یانەی هەولێر
ئاڵا دێدەوان یاریزانی تۆپی دەستی کچانی یانەی هەولێر

کچە یاریزانێکی تۆپی دەستی یانەی هەولێر لە نووسینێکی لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک داوا دەکات چاکسازی کەرتی وەرزشیش بگرێتەوە.

ئاڵا دێدەوان، خانمە یاریزانی تۆپی دەستی یانەی هەولێر لە نووسینێکیدا لەبارەی دۆخی ئێستای وەرزش داوا لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات وەکچۆن لە سەرجەم سێکتەرەکانی دیکە دەستی بە چاکسازی کردووە، لە وەرزشیش چاکسازی بکرێت.

ئاڵا دێدەوان نووسیویەتی 'وەرزشوانان بەراورد بە توێژەکانی دیکە لە هەمووان خراپترن، لەکاتێکدا دەبوایە ئێستا پێشەنگی بوارەکانی دیکە بین، هەر رۆژێك وەرزشوانێک دەبینین دوای چەندین ساڵ ھەوڵ و ماندوبوون بێھیوا دەبێت و واز لە بەھرەکەی دەھێنێت، لە قوتابخانەکانیش لاوەکیترین وانە وانەی وەرزشە، لەکاتێکدا وڵاتان رۆژ بە رۆژ زیاتر لە گرنگی بوارەکە تێدەگەن و دەیان قوتابخانەی تایبەتمەند بە وەرزش دەکەنەوە'.

هەروەها کچە یاریزانەکەی هەولێر لە داوایەکەی بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت 'پێموایە تەنیا جەنابتان دەتوانن دڵی ئێمەی وەرزشوانان خۆش بکەن، هیوادارم وەکو بوارەکانی دیکە ئاوڕێک لە وەرزشیش بدەنەوە'.