پارتی هه‌نگاوه‌كانی داھاتوو بۆ لێكتێگه‌یشتن و هاوپه‌یمانێتییه‌كان دیراسه ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ دوای كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه و تێیدا وێڕای پیرۆزباییكردن له خه‌ڵكی كوردستان بۆ به‌شداریكردنیان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، كه پارتی هه‌نگاوه پێویستەکانی داھاتووی بۆ هه‌ماهه‌نگی و لێكتێگه‌یشتن و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كان دیراسه ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك كه له خزمه‌تی هاوڵاتیانی عێراق به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی دابێت.
هه‌روه‌ها سوپاسی خه‌ڵكی كه‌ركووك و ته‌واوی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانی كرد، بۆ متمانهبهخشینییان به كاندیدانی پارتی و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، عێراق به قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێ و پارتیمان بڕوای وایه حوكمڕانی عێراقی فیدراڵ پێویستی به رێكخستنه‌وه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه هه‌یه.
هه‌روه‌ها بۆ به‌دیهێنانی مافه ره‌واكانی گه‌لی كوردستان و جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 له ده‌ستووری عێراق و كێشه‌كانی دیكه، جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و كۆده‌نگی كورد كرده‌وه.
راگه‌یه‌ندراوی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان:
بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی بە ئاماده‌بوونی هه‌ڤاڵانی، له رێكه‌وتی 14ی 10ی 2021 ئه‌نجامدرا، كه تایبه‌ت بوو به قۆناغی كۆتاییهاتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوەختەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.
لە سەرەتادا کۆبوونەوە پیرۆزبایی له خه‌ڵكی كوردستان به گشتی کرد، بۆ بەشداری شارستانیانه‌یان لە پرۆسه‌كه‌دا، كه به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه و ئاشتیانه به‌ڕێوه‌چوو. ھاوکات به چاوكراوه‌یی و رێزگرتن له پارێزه‌رانی به‌رژه‌وه‌ندییە باڵاكانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، متمانه‌یان به‌خشیه كاندید و لایه‌نه‌كان و، پاڵپشتییان له‌و ئاراسته‌یه كرد، كه له رابردوودا خه‌مخۆری به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان بووه و، له ئێستا و له ئاینده‌شدا دەستکەوت و مافەکانیان ده‌پارێزێ و، دیدوبۆچوونی واقعبینانه‌ی هه‌یه بۆ حوكمڕانی عێراق لەسەر پرنسیپەکانی شه‌راكه‌ت و سازان و هاوسه‌نگی، هه‌روه‌ها له به‌دیهێنانی ئامانجی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیەکان و جێبه‌جێكردنی تەواوی ده‌ستوور و دابینكردنی ژیانێكی شایسته له‌ڕووی ئیداری و ئابووری و ئه‌منییه‌وه. لەم روانگەیەشەوە پارتی هه‌نگاوه پێویستەکانی داھاتووی بۆ هه‌ماهه‌نگی و لێكتێگه‌یشتن و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كان دیراسه ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك كه له خزمه‌تی هاوڵاتیانی عێراق به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی دابێت.
كۆبوونه‌وه سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی دەربڕی بۆ جه‌ماوه‌ر و كادیر و ئه‌ندامان و خەڵکی خۆڕاگری سنووری كه‌ركووك، شه‌نگال، خانه‌قین، مه‌خمور، زوممار، ده‌شتی نه‌ینه‌وا و ته‌واوی ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی له بەرامبەر پاڵپشتی گەورەیان و متمانه بەخشینیان بە كاندیده‌كانی پارتیمان.
هه‌روه‌ها كۆبوونه‌وه سوپاس و پێزانینی هه‌بوو بۆ به‌رپرس و كادیر و ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ری سنووری گشت ئۆرگانه‌كانی پارتیمان له ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگاكان، لقه‌كان، لیژنه‌ی ناوچه‌كان، رێكخراوه‌كان، بنكه‌كان و، رێكخراوه جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌كان، كه به‌وپه‌ڕی دڵسۆزی و ماندوونه‌ناسانه هه‌وڵیان دا بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه و سه‌ركه‌وتنی كاندیده‌كانیان.
كۆبوونه‌وه سوپاسی دڵسۆزی و هه‌وڵه‌كانی ته‌واوی هه‌ڤاڵانمانی كرد، لە سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان و، پێشمەرگە قارەمانەکان و دامودەزگا ئەمنیەکان، كه بە ره‌چاوكردنی رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنەکان، هاوكاری باشی سه‌رخستنی پرۆسه‌كه بوون و دڵسۆزانه كاریان بۆ سه‌ركه‌وتنی كاندیده‌كان كرد.
ھاوکات كۆبوونه‌وه سوپاس و دەستخۆشی گەرمی ھەبوو بۆ هه‌ڤاڵانی لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن و لیژنە فەرعیەکان و ئۆرگانه‌كانی پارتیمان لە مەکتەبەکانی رێكخستن، پەیوەندییەكان، کارگێڕی و دارایی، دیراسات و تۆژینەوە و ئەكادیمیای پارتی، دەزگای هەڵبژاردن، دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان، دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن بە هەموو كەناڵەكانی رادیۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەکانەوە و، کادیر و ھەڤاڵانی خوێنگەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سۆشیال میدیا و، یەکە یەکەی بەربژێرەکانی پارتیمان، ھەروەھا سوپاسی چاوكراوەیی و خەمخۆری چاودێرانی سەر سندوقەكان و ویستگەکانی دەنگدان. سوپاس یەك بەیەكی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و ئەو جەماوەرە بەئەمەك و وەفادارەی کرد، کە بە هەر جۆرێك بەشداربوون لە بەدیهاتنی ئەم سەركەوتنە مەزنەدا.
هه‌ڤاڵانی تێکۆشەر، هاوڵاتیانی به‌ڕێز...
عێراق به قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێ و پارتیمان بڕوای وایه حوكمڕانی عێراقی فیدراڵ پێویستی به رێكخستنه‌وه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له ئاست ویست و خواستی هه‌موو پێكهاته‌كانی بێت و، كێشه هه‌ڵواسراوه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیش له‌ڕوانگه‌ی ده‌ستوورەوە ده‌بێته هۆی سه‌قامگیری و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌تایبه‌تیش جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور و یەکلاکردنەوەی ته‌واوی كێشه چارهسهرنهكراوەکانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێم، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یه‌كڕیزی و ته‌بایی ناوخۆی كوردستان پێویسته و، پێكه‌وه كاركردن و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییە باڵاکانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیمان و به‌دیهێنانی مافه به‌دی نههاتووەکان ئه‌ركی هه‌مووانه.
دووباره سوپاس بۆ دڵسۆزانی كوردستان.
مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
14ی 10ی 2021