دواى 27 ساڵ له‌ مردنى په‌يوه‌ندى خومه‌ينى و ئه‌مريكا ئاشكرا ده‌بێت

كه‌ناڵى بى بى سى ھەندێك بەڵگەنامەی بڵاوكردووەتەوە، كە باس لە ھەبوونی پەیوەندی لەنێوان روحوڵڵا خومەینی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران و جیمی كارتەر سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا دەكەن
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

كه‌ناڵى بى بى سى ھەندێك بەڵگەنامەی بڵاوكردووەتەوە، كە باس لە ھەبوونی پەیوەندی لەنێوان روحوڵڵا خومەینی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران و جیمی كارتەر سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا دەكەن، ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران لە بەرزترین ئاستدا ئەو بەڵگەنامانە بە ساختە دەزانن، بەڵام باس لەوە كراوە كە رۆژی پێش ھاتنەوەی خومەینی بۆ تاران پەیوەندی لەگەڵ جیمی كارتەر ھەبووە.

پەیوەندییەكی نھێنی لە سەرلەبەیانی 15ی كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى ساڵی 1979، واشنتۆن سوپاسی دەوڵەتی فەرەنسا دكات، كە پردی پەیوەندییەكانی لەگەڵ روحوڵڵا خومەینی بووە، بەڵام لەنامەكەدا ھاتووە، لەمەوبەدوا دەبێ راستەوخۆ قسە لەگەڵ خومەینی بكەن. داوایەك كەساڵانێكە بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن ئەوكات خومەینی رەتیكردووه‌تەوە، بەڵام بی بی سی لەدوا بەڵگەنامەكاندا دەڵێ نەك رەتینەكردووه‌تەوە، بەڵكو قسەی خێریشی بۆ جیمی كارتەری سەرۆكی ئەمریكا پێبووە.

بەپێی بەڵگەكان یەكەم پردی پەیوەندی خومەینی لەگەڵ ئەمریكا لەرێگەی ھاووڵاتییەكی ئەمریكی بەناوی لێئۆناردۆ فریمەن بووە، روحوڵڵا خومەینی بە فریمەن دەڵێ حكومەتێكی دادپەروەر دروست دەكات، بازرگانیكردنی نەوتیش لەگەڵ ئەمریكا بەردەوامی پێ دەدات. ئەو پەیامە لەرێگەی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە پاریس دەگاتە كۆشكی سپی.

دوای ئەوەی ئەمریكا لەچوونە دەرەوەی محەمەد رەزا شا لەئێران دڵنیا دەبێتەوە، شۆڕش پەرەیسەندووە، لە 12ی دێسەمبەری 1979 محەمەد یەزدی راوێژكاری خومەینی لەگەڵ ھێنری پرێكت بەرپرسی بەشی ئێرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆدەبنەوە.

ھەوڵەكان بەنھێنی و بەوردبینەوە بووە، ئامانجیش كۆكردنەوەی محەمەد بەھشتی نوێنەری خومەینی و فەرماندەكانی ئەرتەش و دەزگای ھەواڵگری شا ساواك بووە، بۆ ئەوەی كودەتایەكی سەربازی روونەدات، بەڵگەنامەكان دەڵێن سەرەتا خومەینی دژی وەستاوەتەوە، بەڵام دواتر كە پەیامی جیمی كارتەری پێدەگات، دڵنیای دەكاتەوە كە رێگەی لێناگرێت بگەڕێتەوە ئێران  و ھاوكات لەترسی كودەتای ئەرتەش، قبووڵی كردووە. 

لەو نامانەی ھەتا رۆژی پێش دەرچوونی محەممەد رەزا شا لە ئێران لە نێوان خومەینی و كارتەر ئاڵوگۆڕی پێدەكرا، ئەمریكا بەرامبەر سیستەمی سیاسی لەئێران و چۆنییەتی دەستوور نەرمی دەنوێنێت، خومەینیش دەڵێت لەپەیوەندییەكان ئاسایی دەبن، تەنانەت لەبەرامبەر سۆڤییەتدا یارمەتی ئەمریكاش دەدات. ئەو بەڵێنانەی رۆژی ھاتنەوەی دامەزرێنەی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تاران ھەمووی لەبیركراو، ئەمریكا وەكوو شەیتانی گەورە ناسێندرا، دژایەتیكردنی ئەمریكاش وەكوو شوناسی شۆڕشی گەلانی ئێرانی لێھات، دوژمنایەتییەكە ھەتا ئێستاش بەردەوامە و عەلی خامه‌نەئی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ دێكۆمێنتەكان ساختەن، بۆ بەلاڕێدا بردنی بیروباوەڕی روحوڵڵا خومەینی و تێكدانی شوناسی شۆڕشی گەلانی ئێران بووە.