پروشكى ململانێى سياسى و تائيفى سعووديه‌ و ئێران به‌ر حه‌ج ده‌كه‌وێت

بەرپرسانی ئێران دەڵێن: ناھێڵن ھاووڵاتییانی ئێران سەردانی سعودییە بكەن، تەنانەت ئەگەر بۆ حەجكردنیش بێت
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/03ce24e3-da80-4102-9406-e2a4a7a31d5f/iranusaudi.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

ناكۆكییەكانی ئيران و سعودییە گەیشتنە ئاستێك كە ئەمساڵ ھاووڵاتیانی ئێران ناتوانن لە رێورەسمی حەجكردندا بەشدار بن، بەرپرسانی ئێران دەڵێن: ناھێڵن ھاووڵاتییانی ئێران سەردانی سعودییە بكەن، تەنانەت ئەگەر بۆ حەجكردنیش بێت، سعودییەكانیش ھەندێك مەرجیان ھەبوو، كە ئێرانییەكان قبووڵیان نەكردن.

ناكۆكییەكی كۆن، كە ھەندێك بۆ شیکردنەوە جیاوازەكانیان لە جێنشینی پێغەمبەر و بۆ سەردەمی خەلافەتەكانی ئیسلام دەگێڕنەوە، ناكۆكی دوو مەزھەب كە ئێستا دوو دەوڵەتی دووچاری شەڕێكی سارد کردووە.

بڕیار بوو ئەمساڵ زیاتر لە 65 ھەزار هاووڵاتیانی ئێران حەج بكەن و ملیۆنێک و 500 ھەزار كەسیش ناوی خۆیان بۆ ئەو مەبەستە تۆمار کردبوو، ھاوكات 8 ملیۆن ھاوڵاتی دیكەی ئێرانیش بۆ بەجێگەیاندنی عەمرە ناوی خۆیان تۆمار کردووە. سعودییە ساڵانە 1500 ملیار تمەن داھاتی لە زیارەتكارانی ئێران دەبێت. ناكۆكییەكانی ئێران و سعودییە لە ئاستێكدایە، كە لایەنێك دەستبەرداری سوودە مەعنەوییەكە بووە و ئەوی دیکەش داھاتە ماددییەكەی ناوێت.

ھەموو جارێك ناكۆكییە سیاسی و مەزھەبییەكانی ئێران و سعودییە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر حەجكردنەكانیش داناوە.

ساڵێك دوای ھاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی ئێران و لە ساڵی 1980 سعودییەكان گوتیان ئێران ویستوویەتی حەج تێكبدات، لە ساڵی 1986 بەرپرسانی سعودییە رایانگەیاند، كە زیارەتكارێكی ئێرانیان بە تەقەمەنییەوە گرتووە. خوێناویترین رووداویش لە ساڵی 1987 روویدا، كە زیارەتكارانی ئێران لە مەککە خۆپێشاندانیان كرد و لە تێكھەڵچوونێكدا چەندین كەس كوژران، ئەوكات روحوڵڵا خومەینی گوتی ئەگەر لە ئیسرائیلیش خۆش بین، لە ناپاكی سعودییەكان خۆش نابین. لە ساڵی 1989-شدا ئێرانییەكان تۆمەتی ئەوەیان درایە پاڵ کە گوایە ویستوویانە لە مەككە تەقینەوە ئەنجام بدەن. لە رووداوی مینا لە مەککە لە ساڵی 2015-دا 641 زیارەتكاری ئێرانی كوژران و پەیوەندییە ساردەكانی ئێران و سعودییە بە تەواوی بەستی.

مانگی رەمەزانی ئەمساڵ لەكاتێكدا دەستپێدەكات، كە ئەمساڵ ھیچ ھاوڵاتییەكی ئێران کە دانیشتووی ئەو وڵاتەیە لە رێورەسمی بەجێگەیاندنی عەمرە بەشدار نابن و دیاریش نییە، مادام ناكۆكییەكان كاریگەریان لەسەر پیرۆزترین رێورەسمی موسڵمانان دانا، چیرۆكی ناكۆكییەكانی سعودییە و ئێران لە كوێ و بەچی و لە سەرچی كۆتاییان پێدێت.