دوای هێرشه‌كه‌ی داعش هۆزێكی پارێزگای دیاله‌ داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی فه‌رمانده‌ی پۆلیسی دیاله‌ ده‌كه‌ن

"كوژراوه‌كانمان نانێینه‌ گۆڕ تا داواكه‌مان جێبه‌جێ نه‌كرێت"
ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌ پارێزگاری دیاله‌
ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌ پارێزگاری دیاله‌

K24 - هه‌ولێر:

ھێزەکانی سوپای عیراق و پۆلیس و حەشدی شەعبی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌وە ھەڵمەتێکی سەربازی فراوانیان دەست پێکردووە لە قەزای میقدادیەی پارێزگای دیالە، كه‌ دوێنێ شه‌و له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ هێرشی كراوه‌ته‌سه‌ر.

ئەم ھەڵمەتە سەربازییە دوای ھێرشەکەی شەوی رابردووی داعش دێت، لە گوندی رەشاد، کە بە ھۆیەوە 11 کوژراو و 13 برینداری لێکەوتەوه‌. ھێزی زەمینی و ئاسمانی لە ھەڵمەتە سەربازییەکە بەشدارن.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی رایگه‌یاند، له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا چەندین باخ و رەزی ئەو گوندانە سوتینراون، کە بوونەتە پەناگەی چەکدارانی داعش، ھاوکات هۆزی "بەنی تمیم"یش داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی فه‌رمانده‌ی پۆلیس و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیاله‌ ده‌كه‌ن.

زۆر‌به‌ی قوربانییه‌كان سەر بەو هۆزه‌ن، له‌ په‌یامێكدا ئاشكرایان كرد، تەرمی کوژراوەکانیان نانینە گۆڕ تا ھەرچی باخی ناوچەکە ھەیە نەسووتێنرێن و داوای دەست لە کارکێشانەوەی فەرماندی پۆلیس و فەرماندەی ئۆپه‌راسۆینەکانی دیالەش دەکەن.