یاسای تاوانی سیاسی لە ئێران كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە

سەرۆك كۆماری ئێران پرۆژە یاسای تاوانی سیاسی پەسەند كرد و بۆ جێبەجێكردنی رادەستی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دادی ئێرانی كرد.

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆك كۆماری ئێران پرۆژە یاسای تاوانی سیاسی پەسەند كرد و بۆ جێبەجێكردنی رادەستی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دادی ئێرانی كرد.

بەپێی راگەیاندنەكانی ئێران، یاسای تاوانی سیاسی كە لە دانیشتنی ئاسایی پەرلەماندا دەنگی لەسەر درابوو، ئەمڕۆ لە لایەن حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێرانەوە بۆ كاركردن بەو پرۆژە یاسایە رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دادی ئێران كرا.

تا ئێستا لە یاسای بنەڕەتی كۆماری ئیسلامی ئێراندا پێناسەی تاوانی سیاسی دیارینەكراوە و لەو یاسایەشدا چەند خاڵێك وەكوو تاوانی سیاسی پێناسە كراوە، لەوانە بێڕێزیكردن بە دەسەڵاتدارانی باڵای ئێران و وەزیر و ئەندام پەرلەمان و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایان و ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێران.

به‌ گوێره‌ى ياساكه‌، هه‌ر جۆره‌ ره‌خنه‌گرتنێك له‌ كه‌سايه‌تييه‌ گشتييه‌كانى بوارى سياسى له‌ ئێراندا ده‌چێته‌ بوارى تاوانى سياسييه‌وه‌.

پێشبينى ده‌كرێت، له‌ رێگه‌ى ئه‌و ياسايه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێران فشاره‌كانيان بۆ سه‌ر ئازادى راده‌ربڕين و جموجۆڵ و چالاكى مه‌ده‌نيى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و چالاكانى پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى ئێران زۆرتر بكه‌ن.