داعش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان چه‌ند شانه‌یه‌كی كاراكردووه‌ته‌وه‌

داعش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان جێگۆڕكێی به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌میره‌كانی كردووه‌

K24- گه‌رمه‌سێر:

له‌م چه‌ند رۆژه‌دا جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم روو له‌ زیادبوونه‌ و ھێزەکانی پێشمەرگەش لە گەرمەسێر کەوتوونەتە ئامادەباشی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی چه‌كداران. فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵیت: داعش جیا لە کاراکردنەوەی چەند شانەیەکی نوستووی، لەھەندیك ناوچەش جێگۆڕکێی به‌ ئەمیرەکانی كردووە.

دلێر شکور، فەرماندەی لیوای سێی پیادە رایگه‌یاند، بۆ رێگریکردن لە جموجۆڵەکانی داعش و کردەوەی تیرۆرستی، ھێزەکانی پێشمەرگە ئامادەکاری تەواویان کردووە, بۆئەوەی بەرپەرجی ھەر ھێرشیك بدەنەوە كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ بکریتە سەریان.

كوردستان24 چووه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی بۆشایی ئه‌منی لەنیوان پێشمەرگە و ھێزەکانی عیراق، کە بووەتە شۆینی جووڵه‌ و خۆحەشاردانی تیرۆرستان.. به‌گوته‌ی ئەحمەد محمەد، فەرماندەی فەوجی سێ لە گەرمەسێر، بەھۆی به‌دواداچوونی به‌رده‌وام بۆ جموجۆڵەکانی داعش، زانیاریان پێگەشتوە كه‌ داعش چەندین شانەی نوستووی چالاك کردووەتەوە و لە ھەندیك ناوچەش جێگۆڕكێی بە ئەمیرەکانی کردووە.

ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ چه‌كدارانی داعش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان خۆیان رێكخستووه‌ته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی نیمچه‌ رۆژانه‌، هێرشی تیرۆرستی ئه‌نجامده‌ده‌ن، بۆ به‌ ئامانجكردنیش هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، هێزه‌ عێراقییه‌كان و خه‌ڵكی سڤیل ناكه‌ن و ده‌ست له‌ هیچ كامیان ناپارێزن، پرسی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبه‌شیش له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئه‌و ناوچانه‌، كه‌ به‌ تاكه‌ چاره‌سه‌ر داده‌نرێت، تا ئیستا حكومه‌تی عێراق له‌و باره‌یه‌وه‌ كه‌مته‌رخه‌م بووه‌، هه‌رچه‌ند بڕیاریشی لێ دراوه‌ و به‌ چاودێری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی میكانیزمه‌كه‌شی دیاریكراوه‌.

H.B