ئه‌گه‌ری هێرشی توركیا بۆ سه‌ر یه‌په‌گه له ئارادایه
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌و گرووپ و میلیشیا چه‌كداریانه‌ی له باكووری سووریا‌ن، خۆیان كۆكردووه‌ته‌وه و ئاماده‌ن بچنه پاڵ سوپای توركیا له هه‌ر هێرشێكی نوێی ئه‌و سوپایه بۆ سه‌ر یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه).
توركیا ئاماده‌كاری ده‌كات و هه‌ڕه‌شه‌ی كردووه، كه له‌شكركێشییه‌كی نوێ ده‌كاته سه‌ر ناوچه‌كانی باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا.
ئه‌نقه‌ره بوونی چه‌كدارانی یه‌په‌گه به مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌ی ده‌زانێت و رایگه‌یاندووه، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی یه‌په‌گه درێژكراوه‌ی په‌كه‌كه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئاسایشی توركیا.
له 2016ه‌وه توركیا سێ له‌شكركێشی فراوانی كردووه‌ته سه‌ر یه‌په‌گه له باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا.
به‌ر له مانگێك پۆلیسێكی توركیا له ئاكامی به‌ركه‌وتنی مووشه‌كێك، كه له باكووری سووریاوه ئاراسته كرابوو، كوژرا، توركیا یه‌په‌گه به ئه‌نجامده‌ری ئه‌و هێرشه تۆمه‌تبار ده‌كات.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له ریزی به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی سووریا، كه ئێستا له توركیان رایگه‌یاند، ئه‌نقه‌ره كۆمه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی بۆ هاوپه‌یمانه‌كانی له سووریا ره‌وانه كردووه و ئاماده‌كاری بۆ ئۆپراسیۆنێكی نوێ ده‌كرێت و چه‌كداری گرووپه چه‌كدارییه‌كان روویان كردووه‌ته ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌په‌گه و پێشبینی ده‌كرێت ده‌ستپێكردنی هێرش بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه له ئانوساتدا بێت.
له‌و باره‌یه‌وه، یوسف حه‌مود، گوته‌بێژی سه‌ربازی به ناوی "سوپای نیشتمانی سووریا" كه له لایه‌ن توركیاوه پشتیوانی ده‌كرێت، رایگه‌یاند، پێش هه‌ر ئۆپراسیۆنێك، كاتێكی زۆر كه‌ممان پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان ته‌یار و ئاماده بكه‌ین.
میدیای توركیا پێشتر بڵاویان كردبوویه‌وه، كه سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان له دیداریدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جۆ بایدن، پێی راگه‌یاندووه، به دڵنیاییه‌وه ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی له دژی یه‌په‌گه ئه‌نجام ده‌ده‌ین.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز