یانەی هەڵۆ لە خولی نایابی کوردستان دەکشێتەوە و ئەمڕۆ بەرامبەر هەندرێن یاریی ناکات

یاریزانانی یانەی هەڵۆ
یاریزانانی یانەی هەڵۆ

یانەی هەڵۆ بەهۆی قەیرانی دارایی یانەکەی بڕیاریداوە لە خولی نایابی کوردستان بکشێتەوە و ئەمڕۆ لە یاریی بەرامبەر هەندرێن ئامادە نابێت.

ئەحمەد خەلیل، سەرۆکی یانەی هەڵۆ لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ کوردستان24 رایگەیاند 'بەهۆی کێشە داراییەکانمان ناتوانین لەمە زیاتر بەردەوام بین و بڕیارمان داوە لە خولی نایابی کوردستان بکشێینەوە و ناتوانین یارییەکانی ئەم وەرزە تەواو بکەین، ئەمڕۆش لە یاریی بەرامبەر هەندرێن ئامادە نابین'.

هەروەها سەرۆکی یانەی هەڵۆ گوتیشی 'بە سەرجەم یاریزانەکانمان گوتووە لە قۆناخی دووەم دەتوانن پەیوەندیی بە یانەیەکی دیکەوە بکەن و تەواوی یاریزانەکانمان سەربەست دەکەین'.

یانەی هەڵۆ وەرزی رابردوو لە خولی یانە پلە یەکەکانەوە بۆ ریزی یانە نایابەکان سەرکەوت و لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان لە کۆی شەش یاریی هیچ خاڵێکی بەدەست نەهێناوە و سەرجەم یارییەکانی دۆڕاندووە و تەنیا گۆڵێکی کردووە و 14 گۆڵیشی لێکراوە.

وابڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 02:30ـی دوای نیوەڕۆ لە گەڕی حەوتەمی خولی نایابی کوردستان بەهۆی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکەیان لە ئاکرێ میوانداریی هەندرێنی پێشەنگی خولەکە بکەن، بەڵام بەهۆی پاشەکشەکردنیان لە خولەکە یاریزانانی یانەی هەڵۆ بۆ ئەنجامدانی یارییەکە گەشتیان نەکردووە.