لە ئێران ھەر كەسێك بەرۆژوو نەبێت بە قامچی لێیدەدرێت

لەبەرچاوی خەڵك سزا دەدرێن

K24 - ھەولێر

پۆلیسی ئێران لە چەند پارێزگایەکی ئەو وڵاتە رایگەیاند، ئەو كەسانەی لە مانگی رەمەزاندا بەرۆژوو نابن، لە بەردەم خەڵك قامچیان لێدەدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ھەواڵدەری تەسنیمی نزیك لە ئوسوڵگەرانی ئێران لە زاری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای مەركەزی بڵاویكردەوە، كە ھەر كەسێك لە مانگی رەمەزاندا بەرۆژوو نەبێت، یان دەستبەسەر دەكرێت، یانیش لەبەردەم خەڵك قامچی لێدەدرێت.

ئەگەرچی ھیچ سزایەك بۆ رۆژوو خۆرەكان لە مانگی رەمەزاندا لە یاساكانی ئێراندا نییە، بەڵام چەندین ساڵە پۆلیسی شارەكانی ئێران بەلێدانی قامچی یان دەستبەسەركردن سزای ئەو كەسانە دەدەن، كە لە مانگی رەمەزاندا بە رۆژوو نابن.