تەرمی ژنێک لە سلێمانی دۆزرایەوە: ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە

"شوێنەواری گولـلە بە جەستەیەوە دیارە"
تەرم
تەرم

K24 - سلێمانی

تەرمی ژنێک لە نزیک گۆڕستانی بەکرەجۆی شاری سلێمانی دۆزرایەوە و شوێنەواری گولـلە بە جەستەوەیە دیارە، تائێستا ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای گەیشتنی زانیاری لەبارەی دۆزینەوەی تەرمێک، هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوتووە تەرمەکە ژنە و شوێنەواری گولـلە بە جەستەیەوە دیارە".

گوتیشی: "ئەو ژنە هیچ ناسنامەیەکی پێنەبووە و تائێستا نەزانراوە خەڵکی کوێیە، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە".

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئاماژەی بەوەشکرد: "تائێستا نە بکوژ دیارە نە کەسوکاری ژنەکە، بۆیە هیچ سکاڵایەک لە دادگا تۆمار نەکراوە، ئەگەر گومانیش لە کەسێک بکرێت رێکاری یاسایی دژی دەگیرێتەبەر".