حکومەتی هۆڵەندا باری فریاکەوتنی خێرا بۆ پەنابەرە ئەفغانییەکان رادەگەیەنێت
K24 – هۆڵهندا:
حکومەتی دەست لەکارکێشاوەی هۆڵەندا شارەوانییەکانی ئەنشخدە، خۆرنگهێم، فێنرای و رۆتەردامی ناچار کردووە، کە لەماوەی مانگێکدا 2000 پەنابەر وەربگرن.
ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت، کە ناوەندەکانی وەرگرتنی پەنابهران لە شارەوانییەکانی دیكهی هۆڵەندا پڕ بوون و توانای وەرگرتنی پەنابەرانی دیكهیان نەماوە.
دوای گهڕانهوهی تاڵیبان بۆ دهسهڵات له ئهفغانستاندا، سهدان كهس لهوانهی كاریان لهگهڵ سوپا بیانییهكاندا كردبوو، روویان له وڵاتانی خۆرئاوا كرد.
جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆی هۆڵەندا، بەهۆی هاتنی زۆری چاوەڕوان نەکراوی پەنابەران و کەمی شوێن بۆ جێگیرکردنیان و چوونە پێشەوەی پرۆسەی داواکارییەکانیان، حکومەت (باری فریاکەوتنی خێرا)ی راگەیاندووە و چاوەڕوان دەکرێت بە هەمان شێوە چەندین شارەوانی دیكهی هۆڵەندا ناچار بکرێن بە وەرگرتنی پەنابەرهکان.
کایسا ئۆلینخرێنی وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، چەندین ساڵە ژمارەیەکی زۆری پەنابەران بەو شێوە چاوەڕواننەکراوە بە یەکجار روویان لە هۆڵەندا نەکردووە، بۆیە باری فریاکەوتنی خێرایان راگەیاندووە و داوا لە بنکەکانی جێگیرکردنی پەنابەران لە هەموو شارەکانی هۆڵەندا کراوە کە هاوکاربن بۆ نیشتەجێکردنیان، ئەگەرنا حکومەت بە شێوەی ناچاری بڕیار دەردەکات و شارەوانییەکان ناچاردەکات بە وەرگرتنیان.
حکومەتی هۆڵەندا چەند هەفتەیەک پێشتر رایگەیاندبوو، کە هاتنی پەنابەرانی ئەفغانی نابێتە کێشە بۆ نیشتەجێکردنیان، بەڵام بەهۆی وەڵامنەدانەوەی شارەوانییەکان و ئامادەنەبوونیان بۆ وەرگرتنیان بەهۆی کەمی شوێنەوە، حکومەتی ناچار کردووە، کە شارەوانییەکان ئاگادار بکاتەوە و بڕیاری خۆی لەسەر بە ناچاری وەرگرتنیان بدات، لەکاتی پابەندنەبوونیان بە بڕیارەکە.
لەلایەکی دیكهوه خەیرت ڤێڵدەرس، سەرۆکی پارتی ئازادی راستڕەوی هۆڵهندا، داوا لە شارەوانییەکان دەکات، بەرپەرچی بڕیاری حکومەت بدەنەوەو رایگەیاندووە، شارەوانییەکان دەبێت گوێ بە بڕیاری حکومەت نەدەن و ڕێ لەهاتنی پەنابەران بگرن و نیشتەجێ نەکرێن.
سەرچاوە: رۆژنامەی دێ تێلێگراف