عێراق دەبێتە چوارەم هەناردەکاری نەوتی ئەمەریکا

زۆرینەی هاوردەی نەوتی لە کەنەدا بووە

K24 - هەولێر

فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمەریکا رایگەیاند، هەفتەی رابردوو عێراق لە پلەبەندی چوارم وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی خاوی ئەمەریکا بووە.

ئەو فەرمانگەیە لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردووەتەوە، ناوەندی هاوردەی نەوتی ئەمەریکا لە هەفتەی رابردوودا 5 ملیۆن و 234 هەزار بەرمیل نەوت بووە و لە 9 وڵات هاوردەی کردووە. کە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر بە بڕی 635 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دابەزیوە.

گوتیشی "ئەمەریکا بڕی 359 هەزار بەرمیل نەوتی لە ماوەی هەفتەی رابردوو لە عێراق هاوردەکردووە، کە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر بە بڕی 29 هەزار بەرمیل زیادیکردووە، بەمەش بووەتە چوارەم وڵاتی هەناردەکاری نەوتی ئەمەریکا".

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، زۆرینەی هاوردەی نەوتی لە کەنەدا بووە بە بڕی 3 ملیۆن و 147 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە دوای ئەو مەکسیک بە بڕی 503 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە پلەی دووەمدا بووە، لە پلەی سێیەم سعوودیە دێت، بە هاوردەکردنی 384 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بە دوای ئەوان عێراق بە هاوردەکردنی 359 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە پلەی چوارەمدایە.