پێشمەرگە ژمارەیەك مۆڵگە و حەشارگەی تیرۆریستانی داعش دەسوتێنێت

له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا رووبه‌رێكی فراوانی ناوچه‌كه‌ كێوماڵ كرا
پێشمه‌رگه‌ حه‌شارگه‌كانی داعش ده‌سووتێنێت
پێشمه‌رگه‌ حه‌شارگه‌كانی داعش ده‌سووتێنێت

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زارتی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عێراق ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شی به‌رهه‌مداریان له‌ سنووری قه‌ره‌ته‌په‌ و گه‌رمیان ئه‌نجامدا و توانیان دەست بەسەر ژمارەیەك مۆڵگە و حەشارگەی مانەوە و چەك و تەقەمەنی داعشدا بگرن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، لە ئەنجامی پشکنین و گەڕانە بەردەوامەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بەدوای تیرۆریستان و پاشماوەکانی چەك و تەقەمەنی و مین و بۆمبە چێندراوەکانی داعش لەسنووری گەرمیان،  ل17ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، بەهاوبەشی له‌گه‌ڵ یەکە سەربازیەکان لە سنووری میحوەری دووی قەرەتەپە و ئاسایشی گەرمیان و کفری، لیوای 144ی پێشمەرگە، تیمەکانی ئه‌ندازیاری پشتیوانی دوو، هاوشان لە دیوی سوپای عیراقیدا، لیوای 52 و لیوای سێی پەربەرچدانەوەی خێرا (الردع السریع) ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش و بەرهەمداریان ئەنجامدا.

وه‌زاره‌تی پیشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، کاتژمێر 6ی بەیانی ئەمڕۆ 31ی 12ی 2021 ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکرد و هێزەکانی عیراقی لەدیوی دوزخورماتوو، لەگوندی موئەدەوە سەرکەوتن بەسەر چیای غەڕڕە و هێزەکانی پێشمەرگه لە قۆری چا لەدوو میحوەرەوە دەستیانپێکرد کە لە میحوەری یەکەم بەرەو پەلکانەی خواروو، پەلکانەی سالم، پەلکانەی سەرچنار و لەمیحوەری دووەمیش بەسەر چیای غەڕڕەدا لە گوندەکانی غەڕە و قۆری چای توانیان دەست بگرن بەسەر ژمارەیەك مۆڵگەو حەشارگەی مانەوە و چەك و تەقەمەنی داعش.

هه‌وره‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌، پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لەگەڵ سوپای عێراقیدا بەردەوامە لە گەڕان و پشکنین بەدوای پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش و بڕیاریشە تا پاککردنەوەی تەواوەتی ئەو ناوچانە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامی هەبێت.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا باسكراوه‌، لە چەندین رۆژی رابردوو، لەمیانی سەردانی وەزیری پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، رایگەیاند: لە ئەنجامی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی هەیە، چالاکی و کردەوەی تیرۆریستی داعش لەو ناوچانە کەمبۆتەوە.