ئایا چەند زمانەیی بوون کاریگەری لەسەر کەسایەتی هەیە؟

Kurd24

لە سەدەی بیستەمدا کە سەردەمی دروست بوونی دەوڵەت-نەتەوەکان بوو، یەکێک لە دیاردە هەر دیارەکانی بناغە دانانی پەروەردەی گشتی بوو. میللەتی کورد کە دابەش کرابوو بەسەر جوگرافیایەکی دروستکراودا، پەروەردە و خوێندنی نەوەکانی کەوتە ئەستۆی سیستەمی پەروەردەیی ئێران و عێراق و تورکیا و سووریا. لێرەوە کە تێکەڵی لە نێوان منداڵانی کورد لەگەڵ زار و زمانەکانی تری ئەو وڵاتانەدا دروست بوو.

بۆ نموونە، لە ئێران لە دوای دروست بوونی کەرتی پەروەردەی گشتی لە دەورانی پەهلەوی لە سەدەی ڕابردوودا، قوتابی کورد بە زمانی فارسی خوێندنی فەرمی خوێندووە و لە ماڵ و لەگەڵ کەس و کار و هاوڕێ و لە بازاڕدا بە کوردی قسەی کردووە. لە ورمێ و ناوچەکانی دەوروبەری خەڵکی کورد تێکەڵی بووە لەگەڵ خەڵکی تورک زمان کە بووە هۆی ئەوەی بە زمان و فەرهەنگی تورکی ئازەری ئاشنا ببن. بە هەمان شێوە، لە ناوچەکانی پارێزگای ئیلام کە منداڵانی کورد بە زمانی فارسی ئەخوێنن، بە هۆی هاوسنووربوون لەگەڵ خەڵکی عەرەبی ئێران و عێراقەوە، بە زمان و فەرهەنگی عەرەبیش ئاشنایەتییان هەیە.

بە ڕەچاو کردنی ئەم خاڵانە، ئایا دروستە بڵێین کورد لە میللەتێکی یەک زمانەوە بەرەو میللەتێکی چەند زمانە چووە؟ ئەگەر بڵێیم کە تا ڕادەیەک ئەم پرسیارە دروستە و بەڵێ خەڵکانێک لە مەردمی کورد لە یەک زمان زیاتر ئەزانن، ئەمە چ مانا و بەهایەکی هەیە؟ ئایا زانینی چەند زمان، دوو یان زیاتر (بەدەر لە باسی ناسنامە و بیروباوەڕ و مافی زمانی)، کاریگەری لە کەسایەتی مرۆڤ ئەکات؟ چۆن زانینی چەند زمان شێوە و تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی مرۆڤ ئەگۆڕێت؟

ئەم بابەتە سەیری ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەیەکی دیواڵی مامۆستا لە زانکۆی لەندەن،  وە بۆتس، لێکۆڵەر لە زانکۆی لوگزامبورگ ئەکات. ناونیشانی بابەتەکە ئەمەیە: ئایا چەند زمانەیی بوون شێوەی کەسایەتی مرۆڤ فراوان و کاریگەری تێدا ئەکات؟ زانا دیواڵی یەکێک لە زانا ناسراوەکانی زمانناسییە، بە تایبەتی لە بوارەکانی دەروونناسی زمان و چەند زمانەیی کە کاری لێکۆڵینەوەی فراوانی هەیە.

بۆ ئەوەی کە بزانرێت چەند زمانەیی چەندە کاریگەری لە کەسایەتی هەیە، پێڕەوی پێنج تایبەتمەندی کەسایەتی کەسانی فرەفەرهەنگ لەسەر بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە لێک ئەدرێتەوە. پێنج تایبەتمەندییەکە ئەمانەن:

یەکەم، هاودڵی فەرهەنگییە: مەبەست ئەوەیە کە کەسێک توانای هاودڵی و هەست و تێگەیشتنی هەبێت بۆ ئەوانی تر لە کۆمەڵگایەکی فرەفەرهەنگدا.

دووەم، نەرمی نواندنە: مەبەست ئەوەیە کە کەسێک نەرمی بنوێنێت بۆ ئەزموونی تازە کە شتی نوێی تێدایە بۆ تێگەیشتن. هەروەها نەرمی نواندنی بۆ ڕێک کردنی ڕەفتار و قبوڵ کردنی هەندێک بیر و باوەڕی ئەوانی تر لە کۆمەڵگادا کە جیاوازی هەیە لەتەک ئەو بیر و باوەڕە فەرهەنگییە کە لە بنەماڵەیەوە پێیگەیشتووە.

سێیەم، دەستپێشخەری کۆمەڵایەتی: بەو مانا کە کەسێک لە بواری کۆمەڵایەتی خۆی باش بنوێنێت و چالاک بێت.

چوارەم، سەقامگیری هەست و سۆز: بەو مانا کەسێک لە کات و شوێنی شڵەژاویدا بەسەر هەست و سۆزی خۆیدا زاڵ بێت و سەقامگیری هەبێت.

پێنجەم، کراوەیی یان کرانەوە: مەبەست ئەوەیە کەسێک لەبەرانبەر جۆراوجۆری، فرەفەرهەنگی و فرەڕەنگیدا کراوە بێت بۆ ئەوانی تر و لەگەڵ ئەوانی تر، بەڵام بە بێ لایەنگری.

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە چەند زمانەیی لە سێ دانە لەو پێنج تایبەتمەندییانە دەوری دیاری هەیە. کەسانی چەن زمان نەرمی دەنوێنن بۆ ئەزموونی تازە و فێربوون. هەروەها چەن زمانەیی بوون لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە کاریگەری ئەرێنی هەیە. کەسانی چەن زمانە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و بەشداربوونی کۆمەڵایەتیەوە دەست و دەوری باشیان هەیە. بەڵام ئەوەی کە فرەتر لە لێکۆڵینەوەکە بەرجەستە بینراوە، کراوەیی یان کرانەوە بووە. لە ئەزموونکردنی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە کەسانی چەند زمانە ڕێژەی کراوەییان زۆرترە. کراوەیی لێرەدا بە مانای قبوڵ کردنی پێگە و بەهای ئەوانی ترە. ئیتر ئەوانی تر لە هەر زار و زمان و فەرهەنگ و وردەفەرهەنگێک بێت.

لێکۆڵینەوەکەی دیواڵی و هاوڕێکەی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە 'ئایا چەند زمانەیی بوون شێوەی کەسایەتی مرۆڤ فراوان و کاریگەری تێدا ئەکات؟' ئەڵێن بەڵێ، چەند زمانەیی بوون تا ڕادەیەک کاریگەری هەیە لەسەر کەسایەتی مرۆڤ، بە تایبەتی لە تایبەتمەندی کراوەیی بۆ جۆراوجۆری و ڕەنگاوڕەنگی لە کۆمەڵگادا. هەروەها قازانجی چەند زمانەیی بوونی تاکەکان ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو کۆمەڵگا کە ئەو کەسانە تێیدا دەژین. ڕۆحی ئارامی و لێبووردەیی لەو کۆمەڵگا فراونترە و هەردەم لە گەرا و گەشە سەندنە.

لێرە ئەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی کە ئەم بابەتە پەیوەند بە باسی چەند زمانەیی میللەتی کورد بدەم. دیارە کورد وەکو میللەت پێش ئەوەی کە چەند زمانە لێکبدرێتەوە، کوردی وەکو زمان لە چەند زاری جیا و نیزیک لە یەکدی پێکهاتووە. بێژەرانی ئەم زارە کوردیانە لە مێژە لەگەڵ یەکدی ژیاون و یەکدیان قبوڵ کردووە. زارەکانی زمانی کورد باشترین ئەزموونی سەرکەوتووی میللەتی کورد بووە بۆ کراوەییان بۆ دەوروبەریان و دەرەوەیان. لەگەڵ ئەمەشدا، زانینی زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی (هەرچەن ئەنجامی دابەشکاری جوگرافی بووە) بەشکە ئەم تایبەتمەندییەی پتەوتر کردبێت. هەرچەن ئەمە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە.

هەروەها باشیش وایە ئاماژە بەم خاڵانە بکەم کە لێکۆڵینەوەکەی دیواڵی و هاوڕێکەی لەسەر تاکەکانە و باسی کۆ نیە. دووەم ئەمە کە کورد ناچار کراوە کە زمانی دەستەڵاتی ناوەندی فێر بێت. ئەگەر کوردی پارچەکانی تری کوردستان وەکو باشووری کوردستان مەجالی ئەوەیان هەبوایە کە بە زمانی کوردی پەروەردە بکریایەن، ئەوە بۆی هەبوو کە وەکو ئێستەی باشووری کوردستان، قوتابیان زمانی عەرەبی وەکو زمانی گونجێندراو لە سیستەمی پەروەردە بخوێنن، نەک ئەوەی بیزانن وەکو زمانی دووەمیان. پێچەوانەی نەوەکانی حەفتاکان و هەشتاکانی باشووری کوردستان کە بە زمانی عەرەبی پەروەردە ئەکران وعەرەبی زمانی دووەمیان بوو دوای زمانی دایکی کوردی. دیارە لێرەدا پرسیاری تر دروست ئەبێت، ئایا ناچار کردنی قوتابی بۆ فێربوونی زمانێک کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو کەسە یان کەسانە هەیە؟ ئەمە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زانستی هەیە.

لە کۆتاییدا، ئەمەش شتێکی دیارە کە زمان و فەرهەنگەکانی تورکی و عەرەبی و فارسی کاریگەریان لە کەسایەتی کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان هەبووە. هەرچەند، پێویست بەوە ئەکرێت کە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت کە چۆن ئەم کاریگەریانە دەوریان هەبووە لە پرس و باسە ناوخۆییە کوردییەکان، بۆ نموونە، ئایا دوور خستنی زارە کوردییەکان لە یەکدی و دژوار کردنی تێگەیشتنیان لە یەکدی، و حەتتا لاواز کردنی مەیلی هەبوونی پەیوەندی لە نێوانیاندا، لە ئەنجامەکانی ئەم کاریگەرییانەیە؟

ڕوونکردنەوەکان و سەرچاوەکان

١-ژان-مارک دیواڵی- برکبەک زانکۆی لەندەن Jean-Marc Dewaele/ Birkbeck- .University of London

٢-ئلویس بۆتس- زانکۆی لوگزامبورگ/ Elouise Botes- University of Luxembourg.

٣- بۆ خوێندنی بابەتەکەی دیواڵی و بۆتس سەردانی ئەم لینکە بکە. Does multilingualism shape personality? An exploratory investigation - Jean-Marc Dewaele, Elouise Botes, 2020 (sagepub.com)