کونسوڵی کۆریای باشوور: هەوڵدەدەین کۆمپانیای زیاتری وڵاتەکەمان بهێنینە هەرێمی کوردستان

بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی دەروازەی کتێبخانەی زەیتونە دانرا
کوان جای چۆی، کونسوڵی کۆریای باشوور لە ھەولێر
کوان جای چۆی، کونسوڵی کۆریای باشوور لە ھەولێر

K24 - هەولێر

لەسەر بودجەی کونسوڵخانەی کۆریای باشوور، وەک دوا پڕۆژەی کونسوڵی کۆریای باشوور پێش بە جێھێشتنی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی دەروازەی کتێبخانەی زەیتونە دانرا و کتێبخانەکەش نۆژەندەکرێتەوە، کونسوڵی کۆریا پڕۆژەکە وەک بیرەوەی و کولتووری ھاوبەش ناودەبات و  دۆستایەتی و میوانداری خەڵک و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانیشی  بیرناچێتەوە.

کوان جای چۆی، کونسوڵی کۆریای باشوور لە ھەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ لێرەین یادی 18 ساڵەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی کۆریای باشوور و هەرێمی کوردستان دەکەینەوە. ژمارەیەک کۆمپانیای کۆری لە هەرێمی کوردستان هەن، هەوڵیش دەدەین کە کۆمپانیای دیکە بهێنینە ئێرە. ئەم پڕۆژەیەش مانایەکی گەورەی هەیە بۆ پەیوەندییەکانی کوریای باشوور و هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندیانە. هیوادارم ئەم پڕۆژەیە ببێتە دەروازەیەک بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا".

کتێبخانەی زەیتونە لە بنەڕەتدا لە لایەن تیپی زەیتونەی سەر بە کۆریای باشوور دروستکرا و بە سەرجەم پێداویستییەکانیەوە پێشکەشی کتێبخانەی گشتی ھەولێر کرا، بەڕێوەبەری کتێبخانەکە دەڵێت، بەھۆی لافاوەکەی ھەولێرەوە بەشێک لە کتێبخانەکە تێکچووە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە، کونسوڵی کۆریای باشوور بڕیاری نۆژەنکردنەوەی داوە.

ناز فەلەکەدین کاکەیی، بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانەی ھەولێر بە کوردستان24ی گوت: "پڕۆژەی دەروازەی کتێبخانەی زەیتونە پڕۆژەیەکی باشە، بەڵام ئێستا کتێبخانەکە پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە، چونکە بەهۆی دوایین لافاوی هەولێر باڵەخانەی کتێبخانەکەمان زیانی بەرکەوتووە، هەروەها بودجەیەکی تایبەتمان دەوێت بۆ کڕینی کتێبی نوێ، چونکە وەک کتێبخانەی گشتی هەولێر بودجەمان نییە تا خۆمان بیکڕین".

کتێبخانەی گشتی هەولێر، بە دایکی 32 کتێبخانە دادەنرێت، کە لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری ھەولێر ھەن و لە رێگەی ئەم کتێبخانەیە کتێبیان بۆ دابین دەکرێت، خاوەنی سێ بەشی جیاوازی سەرچاوەی کتێبە کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و زمانە بیانییەکان بە گشتی، ئەمە جگە بەشی منداڵان و خوێندنی نابینایانیشی تێداییە، خاوەنی 200 ھەزار ناونیشانی کتێبی جیاوازە، کە خەڵک سوودیان لێوەر دەگرێت.