"دادگای فیدراڵی لەژێر کاریگەری دەرەکی دایە"

پەرلەمانتارێک: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نادادپەروەرانەیە

K24 - هەولێر

دادگای فیدراڵی ئەو دادگایەی هەمووان لە چاوەڕوانی ئەوەدان بڕیارەکانی تەواو بێ لایەن بێت و نەچنە ژێر کاریگەری هیچ هەژمونێکی نێو خۆی و دەرەکی، کەچی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو دوو بڕیاری دەرکرد، یەکێکیان دژ بە یاسای نەوت و غازی هەرێمە و بە پێچەوانەی دەستووری عێراق دەزانێت. ئەوەی تریان دوورخستنەوەی ھۆشیار زێباری بوو لە خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێت: هەردوو بڕیارەکە تەواو سیاسییە و دادگای فیدراڵی خۆی بووەتە بەشێک لە کێشە سیاسییەکان.

نەهرۆ رواندزی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "هاوپەیمانی پارتی و سیادە و سەدرییەکان زۆر پتەوە، بۆیە دەیانەوێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق، وڵاتانی دەرەکی کاریگەری دروست بکەن، لەناو دادگای فیدراڵی کاریگەری دەرەکی زۆرە، بۆیە زۆر نادادپەروەرانە ئەو بڕیارەی داوە".

تەواوی ئەو کێشانەی لە ساڵی 2005 تائێستا لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق روودەدەن، پابەند نەبوونە بە دەستوور، شرۆڤەکارێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، گەر حکومەتی عێراق دەیەوێت کێشەکانی لەگەڵ هەرێم چارەسەر بکات، دەبێت بە رێککەوتنی پێش وەخت بەندەکانی دەستوور جێبەجێ بکات.

سەباح عگێلی، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێ: "پێم وایە باشترین چارەسەر بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی و دەرچوون لەو قەیرانە زۆرانەی کە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە، پابەندبوونە بە دەستوورە، بە رێککەوتنی پێشوەختی لایەنە سیاسییەکان، تاکو بتوانن لە داهاتوو دەستوریش هەموار بکەنەوە، بە جۆرێک بێت کە لەگەڵ بارودۆخی سیاسی عێراق بگونجێت، واتا پابەندبوون بە دەستوور پێویستە، چونکە خەریکە دەرهاویشتەی خراپ دەبینین".

هەر لە بارەی بڕیارەکانی ئەم دوایەی دادگای فیدراڵی، موقتەدا سەدر لە تویتێک ئاماژە بەوەدا، پێوستە پەرلەمان کارا بێت و رێگا نەدات دادگاکان شوێنگرەوەیان بن. هاوکات هاوپەیمانی سیادەی سونەکان رایگەیاند، ئەم بڕیارەی دادگا دژ بە هەرێمی کوردستانە و عێراق بەرەو ئەگەرێکی نادیار دەبات، بۆیە لەسەر و بەندی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە لایەنگر و کارتی فشار ناودەبرێن.